بانكی ناوەندی عێراق ڕێكككەوتنی لەگەڵ بانكەكانی توركیا ڕاگەیاند بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ بانكە عێراقییەكان و شارەزایەكی ئابووری دەڵێت: “ئەو ڕێككەوتنە ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكات و نرخی دۆلار دادەبەزێنێت”.
سەرچاوەیەك لە بانكی ناوەندی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ بانکەکانی تورکیا ڕێککەوت لەسەر کردنەوەی هەژمار بۆ بانکەکانی عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە بە مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی و بەرزکردنەوەی باڵانسەکانە بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی بە دراوی یۆرۆ.
ئاشكراشی كردووە، بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی گرتۆتەبەر، كە بەهۆیەوە كاریگەری لەسەر بەهای دۆلار دەبێت و نرخەكەی دادەبەزێنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بۆ جێگرتنەوە دۆلار،بانکی ناوەندی جگە لە یۆرۆ دەیەوێت حەواڵەکانی بە درهەمی ئیماڕاتی و یووانی چین-یش بکات.
لای خۆشیەوە، ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکەی بانكی ناوەندی عێراق و بانكەكانی توركیا ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا دەکات.
ڕاشیگەیاندوووە، بانکی ناوەندی پێشنیاری دیکەی خستۆتە ڕوو، کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە ئەستەنبوڵ گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، تورکیا هاوبەشێکی گرنگی بازرگانی عێراقە، ئەم بڕیار کاریگەری دەبێت لە دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، بانكی ناوەندی عێراق ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕاگەیاند و بە “ئەرێنی” وەسفی كرد و ڕایگەیاند، كە ژمارەی بانكە مۆڵەتپێدراوەكان بۆ 10 بانك زیاد كراون و ڕێژەی حەواڵەی دۆلار زیاد دەكرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو ڕێككەوتن و ڕێكارانە نرخی دۆلار بەرزە و بەردەوام لە گۆڕاندایە.
لای خۆشیەوە، ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای دابەزینی بەهای دۆلار لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بەڵام ئەمڕۆ بەهاكەی دووبارە بەرزبووەوە و بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 160 هەزار دینار.
ڕاشیگەیاند، بەهای دۆلار بەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدایە و بەهاكەی جێگیر نییە.
سەرباری دابەزینی بەهای دۆلار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا و بانكی ناوەندی عێراق، بەڵام بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان لە پەرلەمان و لێسەندنەوەی ئەندامیەتی پەرلەمان و كاردانەوەی فراكسیۆنەكەی بە كشانەوەی وەزیرەكانی لە حكومەت، مەترسی ڕوودانی ئاڵۆزی ناوخۆیی هەیە و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.