ئاسایشی نیشتمانی عێراق مەترسیدارترین قاچاخچییەکانی دراوی بیانی دەستگیر دەکات.
ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاویکردەوە، لە درێژەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و چالاکییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی توانرا مەترسیدارترین قاچاخچی دراوی بیانی بەتایبەت دۆلار دەستگیربکەن،
ئاماژەیان بەوەشداوە، یەکێک لە مەترسیدارترین کەسەکان کە بەشدارە لە دۆسییەی قاچاخچێتی دراو لەڕێگەی بەڕێوەبردنی زیاتر لە بانک و دامەزراوەیەکی دارایی، بازرگانی بە ملیۆنان دۆلارەوە دەکرد و کاری قاچاخچێتی پێوە دەکرد،
ڕوونیشیکردۆتەوە، تۆمەتبارەکە لەڕێگەی خاوەندارێتی چەند بانکێکەوە کە مامەڵەیان لەگەڵ زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بانکیدا هەبووە، ڕۆژانە بازرگانی بە دەیان ملیۆن دۆلارەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییدا دەکرد.
هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکات پاڵپشتی هەڵمەتەکەی بکەن لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی قاچاخچێتی بە دۆلارەوە دەکەن، لە ڕێگەی ڕاپۆرتکردنی هەر حاڵەتێکی گوماناوی لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی بێبەرامبەر 131، یان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە فەرمییەکانی ئاژانسەکەوە، و زانیارییەکان بە نهێنی و پیشەیی بەرز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت .