دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی محەمەد حەلبوسی و كاردانەوەی وەزیرەكانی بۆ كشانەوە لە حكومەت، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ حەلبوسیی كۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و کارکردن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی وڵات كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سودانی جەختی لە گرنگی پشتبەستن بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان کردەوە، ئەوەش لەڕێگەی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە.