پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو ژن بە تۆمەتی دزیكردن لە قەزای سەیدسادق ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، لە پێنج بنكەی جیاواز سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە”مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق بە هاوكاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات، دوو ژنیان دەستگیركرد، كە تۆمەتبارن بە دزینی پارە و زێڕن”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”دەستگیركردنی ئەو دوو كەسە دوای ئەوە بووە، كە چەند هاووڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد لەسەر ئەوەی دزییان لێكراوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دوای گەڕان و بەدواچوونەكان، توانرا هەردوو تۆمەتبار (ئـ، م، ح) لەدایكبووی 1997 و (ژ، ف، ع) لە دایكبووی 1976 لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە، بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات دەستگیربكرێن”.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”ئەو ئافرەتانە لە هەریەك لە نووسینگەكانی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد، ناوبازاڕ، بنكەی پۆلیسی كەلار، دەربەندیخان و هەڵەبجە” سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە و داواكراون”.
لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا وەك پۆلیسی سلێمانی باسی دەكات”دەستگیراوە بەسەر 15 هەزار دۆلاری ئەمەریكی و بڕێكی زۆر زێڕدا، لێكۆڵینەوەكانیش لەگەڵ تۆمەتبارەكان بە بڕیاری دادوەر و بەگوێرەی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی بەردەوامە”.