لەماوەی دوو ڕۆژدا خێزانێكی كوردی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچە گەشتیارییەكانی باكووری ئێران و هەروەها خێزانێكی دیكەی پێنج كەسی كورد لە پارێزگای لوڕستان بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدا.
بەپیێ هەواڵی میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ سێ شەممە 15/11/2023، خانەوادەیەكی سێ كەسی خەڵكی شاری مەریوان، كە باوك و دایك و منداڵێك بوون، بۆ گەشت چوونەتە باكووری ئێران و ڤێلایەكیان بە كرێ گرتووە، بەڵام لەدوای یەك ڕۆژ مانەوە بەهۆی دزەكردنی غازەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی هەواڵی میدیاكان، ڕۆژی دوو شەممە 13/11/2023، لە پارێزگای (لوڕستان)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خێزانێكی پێنج کەسی، کە سێ کچ و دایک و باوکێک بوون، لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا بەهۆی دزەكردن و بڵاوبوونەوەی غازەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەكان، نزیکەی کاتژمێر یەک-ی نیوەڕۆ و لەدوای ئاگادارکردنەوەی دراوسێکانی ئەم بنەماڵەیە، هێزەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوتووە ئەم بنەماڵەیە چەند کاتژمێر پێشتر بەهۆی دزەكردن و بڵاوبوونەوەی غازەوە، گیانیان لەدەستداوە.