سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، سلێمانی هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکاندا دژی نادادی و ستەم وەستاوەتەوە و خەڵکە قوربانیدەرەکەی لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا خەباتیان کردووە، ئەم رۆحە یاخی و پڕ وزەیەش بەردەوام نوێ دەبێتەوە و لەهیچ بارودۆخێکدا زیندووێتی خۆی ون ناکات.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی بنیادنانی سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەمڕۆ بە دڵخۆشی و خۆشەویستیی زۆرمانەوە یادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێک دەکەینەوە کە بەدرێژایی مێژوو شانازیی نووسیووەتەوە و پێشەنگی قوربانیدان، بیری ئازاد، رۆشنبیری و نوێگەری بووە.
ئاوڕدانەوە بۆ رابردووی شارە حەیاتەکە و مێژووە درەوشاوەکەی، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە سلێمانییە هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکاندا دژی نادادی و ستەم وەستاوەتەوە و خەڵکە قوربانیدەرەکەی لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا خەباتیان کردووە، ئەم رۆحە یاخی و پڕ وزەیەش بەردەوام نوێ دەبێتەوە و لەهیچ بارودۆخێکدا زیندووێتی خۆی ون ناکات.
سلێمانی هەمیشە خۆڕاگر، کاریگەر و بەهێز بووە، ئەمەشی لە سروشتی چیا سەختەکانییەوە وەرگرتووە و رۆژانەش لە ناخی خەڵکە ئازا و رۆشنبیرەکەیدا رەنگدەداتەوە. ئەو خەڵکەی هەمیشە ئامادەبووە لەپێناو تەواوی کوردستاندا خەبات بکات و بە بیرە ئازاد و نوێگەرەکەشییەوە هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و دیموکراسیتر بنێت.
سلێمانی بە کردار سەلماندوویەتی کە شاری هەڵمەت و قوربانییە، شاری داهێنان و رۆشنبیرییە، بۆیە دەشبێت هەمووان لەو راستییە تێبگەن، سلێمانی گوتار و دروشمە گەورەکان رەتدەکاتەوە و دەبێت بە کردار خزمەتی بکرێت.
دروود بۆ رۆحی هەموو ئەوانەی لە رابردوودا هەوڵیان بۆ پاراستن، بەرەوپێشچوون و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی داوە، سوپاس و خۆشەویستیش بۆ ئەوانەی خەون بە داهاتوویەکی باشترەوە دەبینن و خەباتی بۆ دەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان