وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە ٤٧٣ هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە، هاوکات لە کۆتای ئەم مانگە دابەشکردنی نەوت لە شاری هەولێر دەستپێبکات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە شێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچێت، لە ڕێگای تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانەوە ٩٤ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار و ٤٠٠ لیتر نەوتی سپیی بەسەر ٤٧٣ هەزار و ٨٠٢ خێزان دابەشکراوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، بڕیارە لە ٢٦ی ئەم مانگەوە دابەشكردنی نەوتی سپی بگاتە ناو سەنتەری شاری هەولێر، پاش ئەوەی لە ٢٨ تشرینی یەکەم لە سەنتەری شاری سلێمانی و لە ١٢ی تشرینی دووەم لە سەنتەری شاری دهۆك دابەشكردنی نەوتی سپی دەستیپێكردووە.
هاوکات پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بەردەوامە، بۆ بەرمیلێک نەوت بڕی ١٠٣ هەزار و ٥٠٠ دینار لە هەر خێزانێک وەردەگیرێت.