چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن لە بەشێکی هەرێم نادیارە



 

دوو مانگ بەسەر دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە خوێندن دەستی پێ نەکردووە بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لە ئەنجامی بێ مووچەیی.

هاوكات لە ئێستاشدا خوێندکارانیش دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی، بە تایبەت خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی، بەهۆی بوونی تاقیکردنەوەی وەزاری کە پرسیارەکان لە هەرێمی کوردستان ناوەندییە و هەمان پرسیاری خوێندکارانی سنووری هەولێر و دهۆکیان بۆ دێتەوە، کە دوو مانگە دەستیان بە خوێندن کردووە.

مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، نزیکەی 60 هەزار مامۆستا بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنییان کردووە، هەروەها نزیکەی 600 هەزار خوێندکار بێ بەش بوون لە پڕۆسەی خوێندن و 3 هەزار قوتابخانە دەرگاکانیان داخراوە، ئەوەش هەمووی بەهۆی بێ باکی حکومەتی هەرێمە، کە ناکرێت دوو مانگە بایکۆت بێت، بەڵام حکومەت بەخەیاڵیدا نەیەت و باکی پێی نەبێت.

دەشڵێت: “بەڵێ، ئێمەش دەڵێین پرۆسەی خوێندن لەبەردەم هەڕەشەدایە، بەڵام ئەوەش هەموو هۆکارەکە حکومەت و وەزارەتی داراییە، کە ئامادە نین گوێ لە مامۆستایان بگرن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.”

ڕوونیشی كردەوە، ئێمە سێ هەفتە لەمەوبەر وەک یەکێتی مامۆستایان کە ڕێکخراوێکی ڕێگە پێدراوین و نوێنەرایەتی زۆرینەی مامۆستایان دەکەین یاداشتێکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی بەپەلەی پڕۆسەی خوێندن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەت نەهاتووە بڵێ یەکێتی مامۆستایان (ناماقوڵیتان کرد) قسەکەی ئێوەم ڕەتکردەوە، کارەساتەکە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم زۆر نابەرپرسانە مامەڵە دەکات لەکاتێکدا ئێمە ڕێکخراوێکی فەرمین و بەفەرمی یاداشتمان ئاڕاستە کردوون کەچی وەڵاممان نادەنەوە، هەست دەکەیت ئەڵێی ئەم حکومەتە حکومەتی ئەم دەڤەرە نییە و حکومەتی شوێنێکی ترە، تا ئێستا نەمانبییووە نوێنەر بنێرەت بۆ گفتوگۆ بڵێ فەرموو ئێوە 10 داواکاریتان هەیە من پێنج جێبەجێ دەکەم”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “خوێندكاران قوربانی یەکەمن لەم بایکۆتە، بەتایبەت ئەوانەی پۆلی نۆ و دوانزە، بۆیە گرنگە قەرەبووی خوێندکاران بکرێتەوە هەم بەکەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن و هەم بە درێژکردنەوەی ساڵی خوێندن، هیچ چارەسەرێکی تر نییە، ئەگەر ئێستا حکومەت بێت بەدەممانەوە، خۆ ئەگەر نەهات بەدەممانەوە ئەوا ساڵێکی خوێندن دەفەوتێت و دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە وەک پەڵە ڕەشەکانی تری ڕابردووییان.”

لای خۆشیەوە، مامۆستا بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وتی، “خۆپیشاندانی مامۆستایان هی ئەمساڵ نیە، بەڵکو هی ئەو ساڵەیە کەبەناوی ئابووری سەربەخۆوە مووچەیان لەبەغدادەوە بڕی، لەو ساڵەوە ئێمە ساڵانە خۆپیشاندان دەکەین، دوای ئەوە بەرپرسان تەنانەت لەگەڵ خەڵک و ڕاگەیاندنەکان ڕاستگۆ نیین، چونکە داواکاری ئێستای ئێمە بەتەنها مووچە نیە، بەڵکو بۆ نمونە گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەیە، کە ئەمە حکومەتی عێراق ڕاینەگرتووە، بەڵکو حکومەتی هەرێم ڕایگرتووە ئەم قسانەی حکومەت کە داواکاری ئێمەی لە مووچدا بچوککردۆتەوە و دەڵێت: مووچە لە بەغدادەوە نایەت و خۆ هەر هی مامۆستایان نییە، بۆ خۆدزینەوەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆیە ئەم جارە بایکۆتمان کردووە دەمانەوێت ئەنجامی هەبێت، هیواخواز نین، کە ساڵێکی خوێندن بفەوتێت، بەڵام ئەوەشمان لەبەرچاو گرتووە، کە ساڵێکی خوێندن بفەوتێت، چونکە ئەمە دوو ڕووی مێژوویی هەیە، ڕوویەکیان، هەڵوێستی مامۆستایانە کە بایکۆتییان کرد و بەڕووی حوکمەتێکی بێ خەمدا چونەوە، ڕووی دووەم ، ڕوویەکی شەرمهێنەرە بۆ حکومەت کە بێ باک بوو بەرامبەر سووتانی ساڵێکی خوێندن.

وتیشی، “لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆش، کە دەبینین لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان یا ڕۆژی جیهانی مامۆستایان سیاسی و سەرکردەکان پەیامی پیرۆزبایی دەنێرن و دەڵێن: ئێمە قەرزاری مامۆستایانین، کەچی تا ئەم دەقەیەی قسەی تێدا دەکەم قەرزەکەیان نەداوینەتەوە، ئەو پەیامانەش تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، ئەگەر خۆیان بەقەرزاری مامۆستایان بزانیایە دەهاتن بایەخییان بەکەرتی پەروەردە دەدا و ساڵانە 50-60 قوتابخانە بکاتەوە، گوزەرانی مامۆستایانی باش دەکرد”.

مامۆستا بەرهەم باسی لەوەشكرد، “حکومەت چ پێویستی بەوە هەیە لەگەڵ ئێمەی مامۆستایان دابنیشێت و گوێمان لێبگرێت، چونکە خۆ پەروەردە سەرچاوەی داهات نیە بۆ ئەوان، ئەوان بیر لەداهاتی پارە دەکەنەوە، نەک ئەوەی کە پەروەردە بۆ بونیادی کۆمەڵگا و نەوەی دواڕۆژ لە داهاتی ماددی گرنگە، چونکە مەعریفە بۆ ئەوان گرنگ نیە، داهاتی خاڵە سنورییەك سەد قوتابخانە دێنێت، قایمکردنی کورسی خۆیان ژیانی هەزاران مامۆستا دێنێت.”

جەختیشی كردەوە، “من لەگەڵ داواکاری خوێندکارانم بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن، چونکە بۆ نمونە ئێستا داواکاری مامۆستایان جێبەجێبکرێت و بگەڕێینەوە خوێندن دوو مانگی پڕۆسەی خوێندن ڕۆیشتووە، کە ئەم دوو مانگە دوو مانگی گەرموگوڕی پڕۆسەی خوێندنە، چۆن ئێمەی مامۆستایان قوربانی دەستی دەسەڵاتێکی بێ باکین، قوتابیانیش بەهەمان شێوە قوربانی ئەو دەسەڵاتەن.”

لە هەرێم نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
پێت لە هەرێم نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
كەسێك لەسەر دزی كردن لەناو ئۆتۆمبێلێك دەستگیركرا
دوات كەسێك لەسەر دزی كردن لەناو ئۆتۆمبێلێك دەستگیركرا
پەیوەنیدر