وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنگۆی وەرگرتنی پارە بەرامبەر وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە گشتییەكان ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی هەواڵێك، كە لە میدیاكان بڵاوكرایەوە، لەمەودوا بۆ هەر کاتژمێرێک وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر، 500 دینار لە شۆفێران وەردەگیرێت.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار و شەقام و جەنجاڵی هاتووچۆ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی 60 مەتری لە هەولێر بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان.
ڕاشیگەیاندووە، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.