سبەینێ 13ی 11ی 2023، ماوەی دوو مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە هاوكات خۆپیشاندانی فراوان هەفتانە ئەنجام دەدرێت و مامۆستایانی ناڕازی چەند مەرجێكیان هەیە بۆ شكاندنی بایكۆت و چوونەوە بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن.
لەو ماوەی دوو مانگەدا تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ داواكارییەكی مامۆستایانی جێبەجێ نەكرد و بەردەوام ڕایگەیاندووە، كە “مووچە لە ئەستۆی بەغدایە” و لە ئێستاشدا فشارەكان زیاتر توند بوونەتەوە و مەترسی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ هەیە و داوا كراوە حكومەتی هەرێم لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی كۆببێتەوە و بەشێك لە داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكات.
مامۆستا عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندوو، داواکارییەکانی ئێمە ڕوون و ڕەوانن، زۆر ئاسانن، ئەگەر دەسەڵات بیەوێ وەڵاممان بداتەوە، پێویستی بەهەنگاوی کردارییە، نەوەکو دانیشتن.
ڕاشیگەیاندووە، لە دوا بەیاننامەماندا پێنج داواکاری سەرەکیمان هەبووە و جارێکی تر لێرە دووپاتیان دەکەینەوە ، ئەگەر دەسەڵات دەیەوێ بایکۆت بشکێ باهەنگاوی کرداری دەست پێبکات.
ڕوونیشی كردۆتەوە، داواکارییەکانی دوا بەیاننامەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمانەن:
1- دابەشكردنی موچەكانمان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
2- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی موچەخۆران.
3- دامەزراندنی مامۆستایان وانەبێژ.
4- دابەشكردنی موچەكانی مانگەكانی (9-10) و رێككردنەوەی دابەشکردنی مووچە کە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ نەکات .
5- دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانمان.