وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند ”بەشێكی سەردانەكەمان بۆ بەغدا، تایبەت بوو بە داكۆكیكردن لە بەشە بوودجەی ھەرێم و ئەو كێشانەی كە پێشتر لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەبوون، ھەروەھا كێشەی میلاكی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داھاتمان بەتەواوەتی چارەسەر كرد”.
دوای سەردانی شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار وەكو پشكی ھەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی ١١ و ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٢.
لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووریی و ئەندامی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ئاوات شێخ جەناب لێداونێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی راگەیاندووە كە پرسی نەوت، بوودجە و پشكی ھەرێم لە بەشە بوودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق، لەو پرسانەن كە لە بەغدا لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی گفتوگۆیان لەسەر كردووە و لەبارەی ناردنی پشكی ھەرێم وتی”وەزارەتی دارایی عێراق لە تەواوی ساڵی ٢٠٢٢دا، تەنھا دوو مانگ پارەی بۆ ھەرێمی كوردستان خەرجكردووە”.
وتیشی: ”بەشێكی سەردانەكەمان تایبەت بوو بە داكۆكیكردن لە بەشە بوودجەی ھەرێم، ئەو كێشانەی كە پێشتر لەنێوان ھەولێر و بەغداھەبوون، ھەروەھا كێشەی میلاكی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داھاتمان بەتەواوەتی چارەسەر كرد”.
لەو سەردانەی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، پرسێكی دیكە كە گفتوگۆی لەسەر كراوە، پرسی نەوتە، كە بووەتە كێشەیەكی ھەڵپەسێردراوی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەی نەوتەوە كردووە و ھەنگاوی زۆر باشیان ناوە و تاڕادەیەك لێكتێگەیشتن لەنێوانیاندا ھەیە و گوتی: “كۆكبووین لەسەر ئەوەی كە لە چوارچێوەی دەستوور و رێككەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حكوومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو پرسانە بدۆزینەوە”.
وەزیری دارایی و ئابووریی راشیگەیاندووە ”وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، بۆ خەرجكردنی پشكی ھەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە كردووە و بەڵێنیان پێداین، كە لە ئەنجوومەنی وەزیراندا پێشنیاری بكەن، دوای ھەوڵەكانی شاندەكەش، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا كە پارەی دوو مانگی ھەرێم بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت”.
وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمجارە بەراورد بە جارەكانی دیكە، تاڕادەیەكی زۆر گەشبینترن و دەرئەنجامی گفتوگۆیەكان بە دڵی ھاووڵاتییان دەبن، ھەوڵی زۆریشیان داوە بابەتی بوودجە و پشكی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان مسۆگەر بكەن، بەشێوەیەك كە نەكەوێتە ناو كێشمەكێشی سیاسی و قۆزتنەوەی سیاسیش دژی ھەرێمی كوردستان بكرێت.
ئاوات شێخ جەناب لەبارەی كەشی كۆبوونەوەكانیش دەڵێت: “دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون وەكو چۆن سێ رۆژە ئێمە بە ئەرێنی بینوویمانە”.
بەمەبەستی بەردەوامیدان بە كۆبوونەوە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، رۆژی ١٠ی ئەم مانگە، شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا.
شاندەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان لە حكوومەتی فیدراڵی كە سێ رۆژی خایاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە گەڕایەوە ھەولێر.