بەهرۆز جەعفەر
هەمیشە تورکیا چاوی لەوەیە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، لە ساڵی (١٩٤٨) تورکیا یەکەمین دەوڵەتی خاوەن زۆرترین نفووسی ئیسلامی بوو، کە پیرۆزبایی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کرد.
لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانونییەوە کە رۆکسلانە “خرم سوڵتان” وەک ئافرەتێکی جولەکەی پۆڵەندی زۆر جوان، دەچێتە کۆشک و دەبێتە خێزانی سوڵتان، ئیتر جولەکەکانی کە لەدەست دادگاکانی تەفتیش هەڵدەهاتن لانەیەکی ئارام دەدۆزنەوە کە ژێردەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییە؛ جوەکان لەسەدەی نۆزدەدا، لەچوارچێوەی خەلافەتی عوسمانییدا رۆڵێکی بەرچاو و زیرەکانەیان دەگێڕا، تا ئەوەی چووبوونە هەموو کوون و قوژبنێکەوە کە دەستەڵاتی لێیە.
لەنەوەتەکانی سەدەی پێشوودا، پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان تورکیاو ئیسرائیل بە بەهێزترین و ستراتیجیترین پەیوەندیی ئابوری، هەواڵگریی، سەربازیی لە ناوچەکەدا دەژمێردرا.
بە هاتنی ئەردۆگان بۆ سەر کورسی سەرۆکایەتی سەرەتا وەک ئیسلامێکی میانەڕەوی -تورکی- لیبراڵ و دواتریش وەک رێبەرێکی ئیسلامیک – ئیتنۆ-نەیشناڵیزم (تێکەڵەیەک لە بیری ئیسلامیی تورکی لەگەڵ ڕەگەزپەرستی و قەومچییەتی تورکیی) ئیتر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تێکچوو، چوونکە هەموویان لەو شێوازە بیرکردنەوەیە دەترسان کە پێشووتر (پێش یەکەمین جەنگی جیهانی چەشتبوویان بە دەست تورکە عوسمانییەکانەوە، کە هەمیشە ویستی فراوانخوازیی هەیە).
هەر بەو هۆیەوە و بە هۆی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلەوە، بەهۆی پێشوازیکردنی تورکیا لە ڕێبەرانی حەماس، بەهۆی ئەوەی ئەردۆگان هەڕەشەی لە ئیسرائیل دەکرد، دەیوت” تاپۆی خاکەکەتان لە ئەرشیفی ئێمەدا پارێزراوە”، ئیتر پەیوەندیی تورکیاو ئیسرائیل لە ساڵی (٢٠١٠) بە تەواوی تیکچوو.
لە ساڵی (٢٠١٣) ەوە تا (٢٠٢٢) ئەردۆگان و هەموو دامەزراوە تورکییەکان، لەسەر هیڵ بوون بۆ ئەوەی ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، دواتر ئیدارەی بایدن و ئیمارات رۆڵیان بینی لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە سەرەکییەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی.
بە دیاریکراوی (١٩) کاتژمێر پێش هێرشەکەی ٧ ی ئۆکیۆبەری ٢٠٢٣، چانکایا داوای کرد، کە تورکیا چاوەڕوانی گازی ئیسرائیلە ( تورکیا چاوی لەوەیە ئیسرائیل لە رێگەی هێڵێکەوە گازی پێ بفرۆشێ، ئنجا دواتر بڵێ با گازەکەی ئیسرائیل و قوبرسیش هەر لە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا بڕوات).
سەرەتای (٢٠١٦) نامەی ماستەرەکەم بە زمانی ئینگلیزیی پێشکەشکرد و بڵاویش کرایەوە بەناونیشانی ” پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی فەرمانڕەوایی دادوگەشەپێداندا (٢٠٠٢- ٢٠١٥). هەمان کات، وەرمگێڕا بۆ زمانی کوردی و بە کتێبێک بڵاوبۆیەوە.
جارێکی تر، لە سەرەتای (٢٠٢٤) دا، هەمان کتێب بە دەستکارییەوە لە چاپ دەدەمەوە، ئەمجارەیان بەناونیشانی ” پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی فەرمانڕەوایی دادوگەشەپێداندا لەماوەی ٢٠٠٢ هەتا ٢٠٢٣. دووبارە دەکەوێتەوە بەردیدەی خوێنەران.
هەڵبەت، بۆ ئیسرائیلیش تورکیا پێگەو پۆستێکی گەورە و گرنگی جیپۆلەتیکییە، تورکیا دراوسێی ئێران و سوریایە کە هەمیشە سەرچاوەی مەترسین بۆسەر ئیسرائیل، بەڵام یەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەو کتێبە ئەوە بوو، وە وەک لە دوای حەوت ساڵ دەرکەوت هەر ئەوە دەبێ کە ” بۆ ئیسرائیل تورکیا گرنگە، بەڵام هەرگیز ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیایەکدا ئاسایی ناکاتەوە، کە ئەردۆگان ڕێبەرایەتی بکات.
دوای شەش مانگ لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیان، جارێکی تر بەهەمان شێوەی پێشوو، حەماس و فەلەستین بووەوە هۆی تێکچوونەوەی پەیوەندییەکە؛ وا دیارە خەونەکەی ئەردۆگان بۆ پرسی گازی سرووشتی نایەتەدی!