وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی لەگەڵ هەسەدە بەشێوەیەكی بەرفراوان و تەواوەتی ڕاگەیاند و لە یەكەم ئۆپەراسیۆندا سەركردەیەكی داعشیان دەستگیركرد، ئەردۆغانیش نیگەرانە و جارێكی دیكە داوا لەپووتین دەكات هاوكاری بكات لە شەڕی دژی هەسەدە و یەپەگەدا.
بات رایدر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەواوی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانمان لە نۆی دیسەمبەرەوە لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات دەستپێكردەوە كە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە ڕاگیرابوون.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد “ئێمە ئێستا ئەركمان كاركردنە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە سووریای دیموكرات بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش”.
ڕاشیگەیاند، لەحاڵێكدا ناوچەكە ئارام و سەقامگیر بێت هێزە ئەمریكاییەكان دەتوانن درێژە بە ئەركەكانیان بدەن لە باكووری سووریا لەگەڵ سووریای دیموكرات بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش دووبارە.
لای خۆیەوە سووریای دیموكرات دەستگیركردنی سەركردەیەكی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و دوو تیرۆرستی دیكەی لە یەكەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هەسەدە و هێزەكانی ئەمریكا دوای دەستپێكردنەوە ڕاگەیاند.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان و دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەمریكا و هەسەدە نیگەرانە و جارێكی دیكە داوای هاوكاری لە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ڕووسیا دەكات.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەردۆغان داوای لە پووتین كردووە كاری هاوبەش بكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان و پێكەوە هەنگاو بنێن.
ئەردۆغان بۆ ڕۆژنامەوانان دەڵێت”ئێمە داوامان لە سەرۆكی ڕووسیا كردووە بۆ گرتنەبەری هەنگاو و ڕێوشوێنی هاوبەش لە باكووری سووریا”.
دەشڵێت “ئێمە داوای مۆڵەت ناكەین لە هیچ لایەنێك”.
داواشی لە پووتین كردووە هاوكارییان بكات دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات پشتیوانیكراو لەلایەن ئەمریكاوە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی توركیا، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو گفتووگۆ لەنێوان توركیا و ڕووسیا لە توركیا كراون، بەڵام هیچ ئەنجامێكیان نەبووە.
میكائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە بەهیچ جۆرێك ڕێگا بەهیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەباكووری سووریا نادەن.