دوای ڕێككەوتنەكەی نێوان عێراق و ئەمریكا بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و نزیكەی 3 هەزار دینار لە بەهاكەی شكاوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە ئەبوزەبی ئیمارات شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا كۆبوونەتەوە و شاندە ئەمریکییەکە ڕازیبوە باڵانسی پێشینەی پێنج بانکی عێراقی بۆ پرۆسەی حەواڵە بەرز بکاتەوە و پێداچونەوە بە پرسی رەتکردنەوەی بەشێک لە داواکارییەکانی حەواڵە دەکات و هەوڵدەدات مەرجەکانی سەر پەسەندکردنی حەواڵەکان ئاسان بکات.
ئەمڕۆش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە بەهای دۆلار ڕووی لە دابەزین كرد و بەهای دیناری عێراقی بەرزبووەوە و مەترسییەكانی بازاڕی ڕەواندەوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، جارێكی دیكە بەهای دۆلاری ئەمریكی دابەزیوە و ئێستا 100 دۆلار بە 162 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای دۆلار گەیشتە 167 هەزار دینار و دوو ڕۆژە بەهۆی دانوستانی عێراق و ئەمریكا بەهاكەی ڕووی لە دابەزین كردووە و بەیانی ئەمڕۆش زیاتر دابەزی بۆ 165 هەزار دینار و ئێستاش بە 162 هەزار و 750 دینارە.