شاندێكی باڵیۆزخانەی یۆنان لە سلێمانی خواستی وڵاتەكەی پیشاندا بۆ بەشداریكردن و خزمەتكردنی سلێمانی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ١٤/١٢/٢٠٢٢ (جورجوس الامانوس) باڵیۆزی یۆنان لە عێراق و (ستافروس كیریمس)كونسوڵی یۆنان لە هەرێمی كوردستان سەردانی دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانییان كرد و لەلایەن ئاوات محەمەد پێشوازییان لێكرا.
باس لە ئەوەش كراوە،” لە میانی دانیشتنێكدا باس لە مێژووی پڕشانازی سلێمانی و ئەو پێشكەوتنانە كرا كە لە زۆر بواردا بە سلێمانییەوە دیارە. ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی باسی لە مێژووی دروستبوون و گەشەكردنی ئەو شارە كرد و ئاماژەی بە پێشكەوتنەكان كردو دڵخۆشی پیشاندا بەو هاتنەپێشەوەی یۆنان بۆئەوەی دەستی لە خزمەتكردنی سلێمانیدا هەبێت”.
باس لە ئەوەش كراوە،” باڵیۆزی یۆنان گەشبینی خۆی بۆ پێشكەوتنی سلێمانی پیشانداو جەختیكردەوە كە هەرچی بكرێت هاوكار دەبن بۆ خزمەتكردنی سلێمانی بەتایبەت لە بواری گەشتی ئاسمانی و بانك و گەشتیاری و لایەنی كلتوری بازرگانی و پەیوەندییەكانمان بەرەوپێشەوە دەبەین، چونكە یۆنان خواستی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سلێمانی هەیەو ئامادەیی سلێمانیش بۆ ئەو پەیوەندییانە جێگەی خۆشحاڵییە”.