دوای فشارێكی زۆر، پەروەردەی کەرکوک بڕیارێکی خۆی هەڵوەشاندەوە، کە داوای لە ناوەندەکانی خوێندن کردبوو لەکاتی تۆمارکردنی ناوی خوێندكاراندا پیتە کوردییەکان بگۆڕن بۆ هاوتا عەرەبییەکەیان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی کەرکوک لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بڕیاریانداوە بەرنامەی پڕۆژەی تۆماری ئەلیکترۆنی بۆ قۆناغی سەرەتایی نوێ بکەنەوە و پیتەکانی (ژ، پ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ، ک) زیاد بکرێن.
د. ئەحمەد كەركوكی، كاندیدی یەكێتی لە كەركوك لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، لەپاش ئەوەی دوێنێ لەڕێی چەند بەڕێوبەرێکەوە ئاگادار کراینەوە، کە پەروەردەی کەرکوک بڕیارێکی دژ بە کۆمەڵێ پیتی کوردی دەرکردووە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان بە (مامۆستا نەوزاد) جێگری بەرێوەبەری گشتی بەشی خوێندنی كوردی لەدیوانی وەزارەتی پەروەردەی فیدڕاڵی کرد.
ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی عێڕاق لەپەیوەندیدابووین سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، دڵنیابن بەهەموو شێوازێک دژی شۆڤێنی و فاشیستەکان دەوەستینەوە و دووبارەی دەکەمەوە دەبینە گەردەلوولێکی ڕەش بۆ ڕاماڵینیان.