ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان جارێكی دیكە داوای هاوكاری لە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ڕووسیا دەكات.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەردۆغان داوای لە پووتین كردووە كاری هاوبەش بكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان و پێكەوە هەنگاو بنێن.
ئەردۆغان بۆ ڕۆژنامەوانان دەڵێت”ئێمە داوامان لە سەرۆكی ڕووسیا كردووە بۆ گرتنەبەری هەنگاو و ڕێوشوێنی هاوبەش لە باكووری سووریا”.
دەشڵێت “ئێمە داوای مۆڵەت ناكەین لە هیچ لایەنێك”.
یەك شەممەی ڕابردوو ئەردۆغان لە پەیوەندییەكدا داوای لەپووتین كرد پابەندبێت بە ڕێككەوتنی سۆچیەوە و هەسەدە بۆ دووری 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانیەوە دووربخاتەوە.
داواشی لە پووتین كردووە هاوكارییان بكات دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات پشتیوانیكراو لەلایەن ئەمریكاوە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی توركیا، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو گفتووگۆ لەنێوان توركیا و ڕووسیا لە توركیا كراون، بەڵام هیچ ئەنجامێكیان نەبووە.
میكائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە بەهیچ جۆرێك ڕێگا بەهیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەباكووری سووریا نادەن.