ژمارەیەك مامۆستای هەرێمی كوردستان چوونە بەغدا و سكاڵایەكیان لەسەر هەردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێم و عێراق بەهۆی نەدانی مووچەوە تۆماركرد و سكاڵایەكیشیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆماركرد.
دكتۆر ڕەعد ڕەفعه لە دەزگای ستاندەر لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، دوێنێ بەسەرپەرشتی دەزگای ستاندەر لەگەڵ هەریەكە لە: (م.بدل بەرواری، م.شێخ ئاكۆ محمد، م.علی بابان) لەبەغدا بوین نەك بۆ سواڵكردن و پاڕانەوە و ماچكردنی دەست و شانی سودانی وەكو شاندەكانی هەرێم، بەڵكو بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی هەردوو سەرۆكی حكومەتی عێڕاق و هەرێم بەهۆی پێنەدانی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دوانەكەوێت.
ڕاشیگەیاندووە، لە پاڵ ئەوەشدا، سكاڵایەكی دووەممان تۆماركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیەكانی هەرێم.
دەشڵێت: “بەهۆی ئەوەی بەشێك لەو شارەوانیانە بوونەتە داردەستەی دەسەڵات، كە بۆ گەندەڵی گەورە بەكارهێنراون لەڕێی پێدانی زەوی و پڕۆژەی ستراتیژی بەكۆمپانیا و بەرپرسانی باڵای حیزب و بنەماڵەكان”.