کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان عێراق خشتەى کارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى پەسەند کرد و بڕیارە سبەینێش کۆبونەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ حکومەتى هەرێم بەڕێوەبچێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئاشکراشیکرد، سبەینێ چوارشەممە، کۆمیسیۆنەکەیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و لە کۆبونەوەکەیشدا هەردوولا ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بڕیارە لە 25ى شوباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت و بەهۆى کارانەبونى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان و کۆتاییهاتنى وادەى پەرلەمانى کوردستان کە دەسەڵاتى کاراکردنەکەى هەیە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتی دەکات.