وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و عێراق



سەروەر بەرزنجی

دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە,بەتایبەت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسڕائیل فەڵەستین وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ناچارکرد بەپەلە بگاتە عێراق و تورکیا، ھاتنی ئەنتۆنی بلینکن بۆ عێراق ئامانج لێی گەیاندنی پەیامی ئەمەریکایە بە دەسەڵاتدارانی ئێران وەک ھاوکارو پاڵپشتی سەرەکی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستین، بەھۆی ئەوەی ئاڵۆزی زۆر لە نێوان ئیدارەی بایدن و کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە، ھیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسی ئەوتۆ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە نییە بۆیە عێراق ھەڵبژێردراوە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ئەمەریکا بە ئێران.

ئەمەریکا لەوە دڵنیایە ھاوکاری سەرەکی لە ئێرانەوە دەگاتە چەکدارانی حەماس،عێراقیش وەک ڕێڕەوێکی گەیاندنی ھاوکارییەکان سەیردەکرێت لەلایەن ئەمەریکاوە،لە ھەمان کات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لەکەرتی غەزە چەندین جار بنکەو بارەگاکانی ئەمەریکا کراونە ئامانج،بەشێکی بەرچاو لە کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا عێراقیان جێھێشتووەو باس لەوە دەکرێت کە باڵوێزخانەکە بەتەواوی چۆڵکراوە،لە ھەرێمی کوردستانیش ھێزەکانی ئەمەریکا کراونە ئامانج.

ترسی ئەمەریکا لەوەیە ئاڵۆزییەکان بگەنە عێراق

ئەمەریکا ترسی ھەیە یەکەم وڵات لە ئەسنای درێژەکێشانی ئەڵۆزییەکانی کەرتی غەزە و ئیسڕائیل پڕیشکی جەنگەکەی بەرکەوێت عێراق بێت،بەھۆی ئەوەی ئەمەریکا بەرژەوەندی گەورەو باڵای لە عێراق ھەیە نایەوێت لەوکاتە عێراق ڕوو بەڕووی ئاڵۆزی زیاتر بێتەوە کە نزیکە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان،سەرەڕای ئەوەی ھێرشەکان لە عێراق زیاتر بوون بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاو ھێزەکانی بەڵام تا ئێستا ئەمەریکا کاردانەوەی نەبووە دژی ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشانە کە بکەرەکان ناسراون لای ئەمەریکا چوونکە ئەمەریکا نایەوێت دۆخی عێراقیش لەکۆنتڕۆڵدەرچێت،ھەرچەندە ئەمەریکا چەند جارێک ھۆشدای داوە لەوەی ئەگەر ئەو ھێرشانە بەردەوامبن کاردانەوەی توندیان دەبێت.

سەردانی محمد شیاع سودانی بۆ ئێران

دوا بەدوای گەڕانەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە عێراق،ڕاستەو خۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەیاندنی پەیامی ئەمەریکا بەو وڵاتە،بەڵام دوای کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و چەکدارانی حەماس بوون،بەوەی ئاماژەی بەوکرد کە پێویستە ئەو لایەنەی کەرتی غەزە خاپوور دەکە ھێرشەکانی ڕاگرێت ئەوجار داوای دانوستان یان ھەر گفتووگۆییەکی تر بکات لەسەر ڕەوشی کەرتی غەزەو جەنگەکە بەگشتی،ئەوەش ئەو ڕاستییە دەر دەخە کە ئێران گوێ بە ھەڕەشەکانی ئەمەریکا نادات.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تورکیا

دوای عێراق ئەنتۆنی بلینکن ڕاستەوخۆ گەیشتە تورکیا ھۆکاری سەرەکی سەردانەکەی بەھەمانشێوە پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی غەزەوە ھەیە، بەو پێیەی تورکیا لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە پاڵپشتی خۆی بۆحەماس ڕاگەیاندووە و بەردەوام لێدوانی توند دژی ئێسڕائیل دەدات، لەلایەکی تر بەشێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی حەماس لەڕابردوو لەتورکیا داڵدە دراون، باس لەوە دەکرێت  ئێستاش تورکیا ناوچەیەکی تەواو ئارامە بۆ بەرپرسانی حەماس، ئەمەریکا بەھیوایە تورکیاو عێراق ھاوکاربن لەوەی چیتر پشتگیری حەماس نەکەن، بەڵام بەدڵنیایی ھەردوو وڵات لەم کاتەدا نایەنە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمەریکا.

لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریکا ڕوو بەڕووی فشاری گەورە بووەتەوە، لەلایەکی دیکە  دەبێت ئاگای لە ئۆکڕانیا بێت و بەردەوام بێت لەھاوکارییەکانی دژی ڕووسیا، لەلایەکی تر لەناوچەیەکی تر بەرەی شەڕی دژ کراوەتەوە کە دەبێت ھاوکاری گەورە بداتە ئیسڕائیل دژی حەماس کە ئێران و ڕووسیا و چین و کۆریای باکوور وەک نەیاری سەرەکی ئەمەریکا بەئاشکرا پشتیوانی فەڵەستین دەکەن، دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە و ھەمووان ترسیان لە فراوانبوونی جەنگەکە ھەیە بەجۆرێک بۆیان کۆنتڕۆڵ نەکرێت و کارەساتی زۆر گەورەی بۆ ناوچەکە و جیھان لێبکەوێتەوە.

کرێکارێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
پێت کرێکارێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
پەروەردەی سلێمانی 145 مامۆستا ئاگادار دەکاتەوە
دوات پەروەردەی سلێمانی 145 مامۆستا ئاگادار دەکاتەوە
پەیوەندیدار