سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیكەی دوو مانگ بەسەر بایكۆتی مامۆستایان بۆ هۆڵەكانی خوێندن و داواكاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆكایەتی هەرێم بۆ شكاندنی بایكۆت، بەڵام بایكۆتی مامۆستایان بەردەوامە و سبەینێ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدرێت لەژێر ناونیشانی “هەفتەی خۆڕاگری و كۆڵنەدان”.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەیاننامەیەكدا جەختیان لە بەردەوامی بایكۆت كردۆتەوە و بڕیاریاندا، سبەینێ سێ شەممە 7ی 11ی 2023 لە كاتژمێر 10ی بەیانی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و داواش لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆك دەكەن بچنە پاڵ ناڕەزایەتییەكانیان.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، خۆپیشاندانی سبەینێ بە “خۆپیشاندانی سەرتاسەری هەفتەی خۆڕاگری و كۆڵنەدان” وەسف دەكەن و داواش لە سەرجەم فەرمانبەران و كاسبكاران و كەسوكاری خوێندكاران دەكەن بچنە پاڵ خۆپیشاندەران.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند، “کات ماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەت دەتوانێت لەداهاتی ناوخۆ مووچەیەک بداتە مامۆستایان”.
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ دوو شەممە 6ی 11ی 2023 مووچەی مانگی 8ی مامۆستایان دابەشكرا، بەڵام مامۆستایان چەند مەرجێكیان داناوە بۆ شكاندنی بایكۆت و كردنەوەی هۆڵەكانی خوێندن و دەڵێن: دەسەڵاتی کوردی چارەسەری خێراتان ئەوێت تا دەوام بکرێتەوە زۆرئاسانە و دەتوان ئەو کارە بکەن:
١ــ پێدانی دوو مووچە.
٢ــ دەست پێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بێ مەرج، کە دەتوانن ئەو کارە بکەن، کە لەدەسەڵاتی خۆتاندایە و بێ هیچ یاسایەک وەستاندوتانە.
٣ـ بەڵێندان بەدامەزڕاندنی وانەبێژان لەسەرەتای ساڵی داهاتوو تا لە وەرزی دووەم بایکۆت نەکرێتەوە.
4- لەكاتی هەمواری یاسای بودجە ڕازی ببن بەوەی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق و بانکە عێراقییەکان.