بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەردەوامە و ئەمڕۆش بەربەستی 164 هەزار دیناری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەکانی عێراقدا بۆ 164 هەزار و 400 دینار بەرزبووەوە.
دابەزینی بەهای دینار هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ئەگەری تێوەگلانی عێراق لە شەڕەکەدا، بە تایبەتیش دوای ئەو هێرشانەی کە ناوبەناو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن.
پێش سەرهەڵدانی ناسەقامگیرییەکەش دینار لە دۆخێکی باشدا نەبوو و بەردەوامبوونی بە قاچخبردنی دۆلار بۆ ئێران و تورکیا بووە هۆی ئەوەی 100 دۆلار لە سەروو 150 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە بکرێت، هەرچەندە بانکی ناوەندی نرخەکەی بە 132 هەزار دینار جێگیرکردووە.