شارەزایەكی بواری بوومەلەرزەزانی پێشبینی ڕوودانی بوومەلەرزە لە چەند ناوچەیەكی عێراق و هەرێم و چەند ناوچەیەكی دیكەی جیهان دەكات و دەڵێت: “فشار و وزەی نوێ بۆسەر پلێتە تەكتۆنیەكانی زاگرۆس دروستبووە و ئەگەری بوومەلەرزەی سەروو 4 پلە هەیە”.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، له ئەنجامی بەردەوامی جوڵەی پلێتەكان و ڕوودانی بوومەلەرزەی پلە ناوەند لە چیاكانی ئەفغانستان و زنجیرە چیاكانی هیمالایا، فشار و وزەی نوێ بۆ سەر پلێتە تەكتۆنیەكانی زاگرۆس دروست بووە.
ڕاشیگەیاند، بەم هۆكارەش لە ماوەی ئەمڕۆ تاوەكو هەفتەیەك ئەگەری بوومەلەرزەی سەروو پلە 4 هەیە به پێوەری ڕێختەر لە چەند ناوچەیەك.
سەبارەت بە ناوچەكان ڕوونی كردۆتەوە، “پلێتەكانی زنجیرە چیاكانی ئەفغانستان و چیاكانی هیمالایا و پاكستان، هەروەها زۆربەی پلێتەكانی ئێران بەزۆریش باشوور و خۆرئاوای ئێران و ناوچە سنوورییەكانی خۆرهەڵاتی عێراق و هەرێم، لەگەڵ پلێتەكانی خۆرهەڵاتی توركیا تا دەگاتە خۆرئاوای سوریا و ئیسرائیل و فەڵەستین و ئوردن تا كەنداوی عەقەبە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ یەك شەممە، دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاندووە، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.1 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە باكووری (شارۆچكەی بەدرە) لە سنووری پاریچزگای واست تۆمار كراوە.