وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان نزیک دەبێتەوە و ئەگەر بەغدا بەشی هەرێم بە تەواوی بنێرێت، ئەوا دابەشکردنی نەوت خێراتر دەبێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە مانگی ۹ی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆک وەزیران پلانی وابوو کە پێش هاتنی وەرزی سەرماو سۆڵە نەوت بەتەواوی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشبکرێت و دواتریش بگاتە سەنتەری شارەکان .
ڕوونیشیکردەوە کە لە مانگی ۱٠ دابەشکردن دەستیپێکردووەو ئێستا پرۆسەکە نزیک دەبێتەوە لە سەنتەری پارێزگاکان و تا ئێستا ۳٠٠ هەزار خێزان بەرەو سەرەوە نەوتییان پێگەیشتووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەر خێزانێک بڕی ۲٠٠ لیتری پێدراوە، کە بەمجۆرەی خوارەوە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبووە:
*هەولێر ۱٠٥ هەزار بەرمیل
*سلێمانی و هەڵەبجە۱۲٠ هەزار بەرمیل
*دهۆک ۸٠ هەزار بەرمیل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، حکومەتی فیدراڵ ساڵانە بڕی پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک بەشی هەرێم دەنێرێت بەڵام ساڵی پار تەنها بڕی ۲۸ ملیۆن لیتری ناردووە، بۆ ئەمساڵیش لە ناوەڕاستی مانگی ۱۱ دەست بە دابەشکردن دەکەن و ئەگەر بەشی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی بگات پرۆسەکە لە ئێستا خێراتر دەبێت.