ئەمڕۆ، مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ، لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا، هەردوولا بە ڕێپێوان بەرەو دادگای سلێمانی بە ڕێکەوتن.
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئامادەبوو بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” دەستخۆشیان لێدەکەم و دەستی یەکە بە یەکەیان ماچ دەکەم، ئەمە هەڵوێستێکی مەردانە و خەباتیێکی مەدەنیانەی مووچەخۆرانی هەرێمە، کە پەیامێکی ڕاستگۆیانە دەدەن بە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
وتیشی، “پەیامم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەجدی بێنە سەرخەت و کۆتای بەم کێشەیە بهێنن، چیتر مووچە بە بیانووی جۆراوجۆر و پاشەکەوتکردن دوانەکەوێت، چونکە حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی مووچە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، ” لە پەرلەمانی عێراق ١١٥ واژۆمان کۆکردەوە، داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار کرد کە کۆتای بە کێشەی مووچە بهێنن و لە ململانێی سیاسی جیای بکەنەوە، چونکە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراقی مافی خۆیانە مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن”.
سەبارەت بە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا ڕایگەیاند، “داوامانکردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دابەشبکرێت، چونکە هاووڵاتیانی عێراق دەبێت یەکسانبن، پێموایە عێراق بەم داوایە ڕازی دەبێت، ئەگەر لە پەرلەمان یاساکە هەمواربکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت و هەردوو حکومەتەکە پێوەی پابەندبن”.