وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، باڵیۆزی جۆرجیا خواستی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانە لە هەولێر خستۆتەوەڕوو.
بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ شەممە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاوكرایەوە”فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە زازا كاندلاكی باڵیۆزی نانیشتەجێی جۆرجیا لە عێراق كردووە”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە كۆبوونەوەكە باڵیۆزی جۆرجیا پیرۆزبایی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ كرد و ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و جۆرجیا كردووە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت”باڵیۆزی جۆرجیا ویستی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانە لە پارێزگاكانی هەولێر و بابل خستۆتەوە ڕوو، بەوهۆیەی 3000 هاووڵاتیی جۆرجی لە عێراق كە زۆربەیان لە پارێزگای دهۆكن”.