دەزگاى هەواڵگرى عێراقى دەستگیرکردنى شەش کەسى راگەیاند کە بەپێچەوانەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندى، دینار و دۆلاریان بەشێوەى قاچاخ بردووەتە دەرەوەى وڵات.
دەزگای هەواڵگری عێراقی راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزەکانیان توانیویانە بەتۆمەتى بردنەدەرەوەى پارە، لەناو کۆمپانیایەکدا شەش کەس دەستگیربکەن و دەستیش بگرن بەسەر بڕى 334,270,000 ملیۆن دیناری عێراقی و (157,215 ) هەزار دۆلاری ئەمەریکی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان کە لەلایەن مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگرییەوە دەستیان کەوتووە، توانیویانە دەستیان بەوە بگات کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری لەبەغداد، بەپێچەوانەى ڕێنماییەکانی بانکى ناوەندى پارەیان بردووەتە دەرەوەى وڵات.
ئاشکراشى کردووە، دواى هەڵکوتانەسەر کۆمپانییەکە، توانراوە دەستبگیرێت بەسەر بڕى (334,270,000) ملیۆن بڕی دیناری عێراقی و (157,215) هەزار دۆلار، و لەکاتی لێپرسینەوە لە تۆمەتباران، بەڕاشکاوی دانیان بەوەدا ناوە کە دراوی نیشتمانی و بیانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق گواستوەتەوە، ئەوەش بە سود وەرگرتن لە ناونیشانێکی ساختە کە ناوی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزارى بووە،
بەپێى راگەیەنراوەکە، بردنەدەرەوەى ئەو پارەیە، پێشێلکردنى رێنماییەکانى بانکى ناوەندى عێراقە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، دەزگاى هەواڵگرى بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرامبەر ئەو کەسانەى یارى بە نرخى دۆلار دەکەن و بەپێچەوانەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندییەوە پارە دەبەنە دەرەوەى وڵات و زیان بە ئابورى نیشتمان دەگەیەنن.