ڕۆژئاوای کوردستان یان غەززە؟



تورکیا لە ژێر پەردەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، نە کەس لێی دەپرسێتەوە و نە لایەنێکیش هەیە پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.

ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە خەریکە دەبێتە وێرانە، دوو ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی توانای دەستڕاگەیشتنیان بە ئاو و کارەبا نییە، زیانی ٥٦ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژئاوای کوردستان کەوتووە.

لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر شەڕی حەماس و ئیسرائیلن، ڕاگەیاندنە جیهانییەکان سەرقاڵن بە ڕووماڵی ئەو شەڕەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەم دەرفەتەی قۆستۆتەوە و هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە.

لە پێنجی ئەم مانگەدا لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ کاتژمێردا ١٥ هێرشی کردووەتەوە ناوچەکانی شەرا، شێراوای عەفرین، قامیشلۆ، حەسەکە، کێڵگەی نەوتی ئەلقۆسی لە چیل ئەکسە، وێستگەی گردەهۆڵ و زەریبەی قامیشلۆ، وێستگەی كاره‌باى قامیشلۆ وعامودا، ناوەندی خزمەتگوزارییەکان، بەنزینخانە و ناوچە مەدەنییەکان بە ئامانجگیراون.

ڕۆژی دواتر، وێستگەی کارەبای مەیسەنونیان لە قامیشلۆ، ویستگەی کارەبای ڕۆژهەڵاتی تربەسپیی بۆردومانکران، لە ماوەی ئەو ٢٤ کاتژمێرەدا بێ وەستان زیاتر لە ٢٩ ناوچە و گوندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرا، لە ئەنجامدا شەش هاوڵاتی مەدەنی و شەش ئەندامی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوون  و ١٢ کەسی مەدەنی و دوو ئەندامی ئاسایش برینداربوون.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایگەیاند، لە ماوەی ٧٢ كاتژمێری هێرشە بەرفراوانەکەی تورکیا بۆردوومانی زیاتر لە ١٤٥ ناوچەی کردووە، کە وێستگەكانی كارەبا، ئاو و وزە،  خوێندنگا و ناوچەی چڕی دانیشتوانی بە ئامانجگرتووە.

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاویکردووەتەوە، لە ڕۆژی چوار بۆ ١٠ی ئەم مانگە دەوڵەتی تورکیا  ٣٠٤ هێرشی ئاسمان و زەمینی بە  ٢٢١ چەکی قورس و هاوەن، ٨٣ هێرش بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر ٢٢٤ ناوچە ئەنجامداوە، لە ئەنجامیشدا ٤٧ هاووڵاتی شەهیدبوون و ٥٥ کەسیش برینداربوون.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرنەوتییەکان، ناوچەی پیشاسازی، کۆگاکانی دانەوێڵە، وێستگەی سووتەمەنی، وێستگەی ئاو و کامپی کۆچبەران زیانی گەوورەیان پێگەیشتووە، تا ئێستا بە بڕی ٥٦ ملیۆن دۆلار زیانیان پێگەیشتووە.

لە پێنج بۆ ١٥ی ئەم مانگەدا، تورکیا ٣٥٦ هێرشی کردووەتە سەر ٢٥٠ ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە ١٨٥ ناوچەیان شوێنی هاووڵاتییانی مەدەنین، ٢٩ شوێنیان ژێرخانی ئابوورین، و ٣٨ بنکەی سەربازیی، نەخۆشخانە، خوێندنگەیەک و چەند شوێنێکی دیکەش بە ئامانجگیراون.

لە ١٩ی مانگدا، توركیا بە ٣٠ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی دانیشتوانی چڕ، لە ئەنجامدا ١٥ هاووڵاتی گیانیان شەهیدبوون و هاوکات وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا وێرانبوون.

بەشێک لەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی داون، نزیک لە بارەگاکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە، لە ڕاگەیاندراوێکدا هاوپەیمانان لەبارەی هێرشەکانی نزیک بارەگاکانیان ئاگاداری داوەتە تورکیا، ئەوانیش پێیان وتوون “مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین”.

لە دێرك، وێستگەی سوتەمەنی ناوچەكە بۆردومانکرا و  كارەبای تەواوی دێرك بڕدرا، وێستگەی گوندی تەقیل پەقلی سەر بە دێرك و نەخۆشخانەی كۆرۆنای لە شاری دێرك بە تەواوی بۆردومان کران و لەناوچوون، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکە خزمەتی زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەسی دەكرد.

ترپەسپی، حەوت وێستگە و بیری نەوت، وێستگەیەكی كارەبا و كۆگاكانی دانەوێڵەی بۆردومانکران و كارەبای تەواوی ناوچەی ناوچەكە پچڕا، وێستگەی سوتەمەنی لە قامیشلۆ، وێستگەی ئاو و وێستگەی سوتەمەنی و كۆگای دانەوێڵەی لە لە عەین عیسا، كۆگای دانەوێڵە و وێستگەی كارەبا لە عامودا بۆردوومان کراون.

كارگەی بۆیاخی ناوچەی كۆبانێ، وێستگەی كارەبا، وێستگەی ئاو، كارگەی بیناسازی و كەمپی كۆچبەرانی سەرێكانی سەرجەمیان بۆردوومانکران.

ئەم وێرانە زۆرە لە کاتێکدایە، ئەکرەم سلێمان، هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزەی لە خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، توانای نۆژەنکردنەوەی ئەو هەموو زیانەیان نییە، تێچووی چاککردنەوەیان ملیۆنان دۆلاری پێویستە.

بەهۆی هێرشەکانی تورکیا، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بێ ئاو و کارەبان، زیانی زیاتر لە ٥٦ ملیۆن دۆلار بە ژێرخانی ڕۆژئاوی کوردستان کەوتووە.

بە سەدان هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کراوە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، داوای بەهاناوەچوونی بەپەلە دەکەن، بەڵام هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەهانایانەوە نەچوون، تەنانەت لە باشووری کوردستان هاوکاری بۆ فەڵەستین زیاتر لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە، لە کاتێکدا کوردەکان هاودین و هاوزمانن، هەمان نەتەوەن، بەڵام جگە لە پاڵپشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ڕاستەوخۆی هیچ پاڵپشتییەکی ڕۆژئاوای کوردستان ناکرێت.

ئاسایشی دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک ڕوونکردنەوە دەدات
پێت ئاسایشی دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک ڕوونکردنەوە دەدات
مێتا پارەی نوێ بەسەر بەکارهێنەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام دەسەپێنێت
دوات مێتا پارەی نوێ بەسەر بەکارهێنەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام دەسەپێنێت
پەیوەنیدر