قەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززە چەندە؟



بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی هەواڵی “قاهیرە” کاروانێکی هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە گەیشتووەتە کەرتی غەززە، ژمارەکەیان ٦٠ بارهەڵگر دەبێت و هاوکاری مرۆییان بۆ دانیشتووانی غەززە لەخۆگرتووە.

بەپێی سەرچاوەکان ٤٧ بارهەڵگر بڕێکی زۆر دەرمان و پێداویستی پزیشکییان تێدابووە، لەسەر داوای مانگی سووری فەلەستین ئامادە کراون.

لین هاستینگس، جێگری ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ٢٧ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، ” لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە ٧٤ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە ڕەوانەکراوە، ڕۆژانە لە میسرەوە لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ بارهەڵگر گەیشتوونەتە کەرتی غەززە”.

سیندی ماکین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی کەرتی غەززەی بە “کارەساتبار” وەسف کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو یارمەتییانەی لە ڕێگەی دەروازەی “رەفەح”ەوە دەگەیەنرێن بەس نین، پێویستە قەبارەی هاوکارییەکان زیادبکرێت.

بەپێی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان-OCHA، دوێنێ یەکشەممە نزیکەی ٣٣ بارهەڵگر بە هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفح کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر گەیشتوونەتە ناو کەرتی غەززە.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمە گەورەترین کاروانی هاوکارییە کە چوونەتە ناو کەرتی گەمارۆدراوی فەلەستین لە پاش سنووردارکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە.

نووسینگەکە لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕایگەیاندووە، “قەبارەیەکی زۆر گەورەتر لە هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پێویستە بۆ ئەوەی دۆخی مرۆیی سەقامگیر بکرێت”.

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، “هێنانە ناوەوەی بەپەلەی سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی ئامێرە پزیشکییەکان و دامەزراوەکانی ئاو و پاکوخاوێنی زۆر گرنگە، بەڵام ئیسرائیل دەستیگرتووە بەسەر هەموو پێداویستیەکانی سووتەمەنی”، ڕایگەیاندووە، “حەماس بۆ دروستکردنی چەک و تەقەمەنی ئەو سووتەمەنیانە بەکاردەهێنێت”.

لە ٩ی تشرینی یەکەمدا ئیسرائیل گەمارۆی خۆی بۆ سەر غەززە توندتر کردەوە، ئاو، کارەبا و خۆراکی لە کەرتی غەززە بڕی، کە پێشتر گەمارۆی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی لەسەر بوو لەو کاتەوەی حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە بە گشتی ١١٧ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی توانیویانە بچنە ناو غەززە، کە نزیکەی ٧٠ بارهەڵگریان کەرەستەی پزیشکییان تێدابووە، ٦٠ بارهەڵگر خۆراکی تێدابوو، ١٣ بارهەڵگری دیکەش ئاو و کەرەستەی تەندروستییان تێدابوو.

پێش ئەو گەمارۆیە ڕۆژانە نزیکەی ٥٠٠ بارهەڵگر هاوکاریی دەچوونە ناو کەرتی غەززە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس دەبێت، هەزاران باڵەخانە وێران بوون و زیاتر لە نیوەیان ئاوارەبوون.

پێش ئەوەی بارهەڵگرەکان بگەنە شاری ڕەفەح لە دەروازەی نیتزانا لە نێوان ئیسرائیل و میسر کە نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە ڕەفەحەوە دوورە، پشکنینیان بۆ دەکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، کەرتی غەززە لانیکەم پێویستی بە ١٠٠ بارهەڵگر هەیە لە ڕۆژێکدا بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە، “ئیسرائیل پابەندە بە دەستکاریکردنی پرۆسەی پشکنین بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆژانە پشکنین بۆ ١٠٠ بارهەڵگر بکات”.

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێ دەدرێت
پێت هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێ دەدرێت
بڕیاری لەسێدارەدان بۆ کەسێکی بیانی لە عێراق دەرچوو
دوات بڕیاری لەسێدارەدان بۆ کەسێکی بیانی لە عێراق دەرچوو
پەیوەندیدار