ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە سلێمانی و دوای بەسەركردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت و ڕایگەیاند، هەردوو فڕۆكەخانەكە لەژێر سەرپەرشتی دەسەلاتی فڕۆكەوانی فیدڕاڵیدان.
لە ماوەی ئەمساڵدا هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا بۆردومان كران و بەهۆیەوە لە فڕۆكەخانەی عەربەت 3 كارمەندی هێزەكانی دژەتیرۆری كوردستان (یەكێتی) شەهید بوون.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ لە سلێمانی دوای سەردانی مەزاری مام جەلال، سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق و كۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، سەردانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كرد.
ئەعرەجی لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، پاش سەردانمان بۆ فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و عەربەت ڕایدەگەیەنین، کە لەنێو ئەو دوو فڕۆكەخانەیەدا هیچ بوونێکی بیانی “سەربازیی یاخود مەدەنی” نییە.
وتیشی، “هەردوو فڕۆکەخانەکە لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵیدان و سەرجەم دامەزراوەكانی فیدڕاڵی و هەرێم لەو دوو فڕۆكەخانەیەن بە شێوەیەكی یاسایی”.