ئهمڕۆ شەممە 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکومەتی ههرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئێریك شۆڤالیێ، باڵیۆزی فهرهنسا له عێراق کرد و ڕایگەیاند، ناکرێت چیتر مافی مووچەخۆرانی هەرێم پێشێل بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەسرور بارزانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئێریك شۆڤالیێ دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستیی دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم، بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێشکەشی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کردووە.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش، شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، چونکە ناکرێت چیتر مافی مووچەخۆرانی هەرێم پێشێل بکرێت.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنی نێردە دیپلوماتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو”.