هۆڕمۆنەکانی لەشی مرۆڤ کۆنترۆڵی کێشی لەش دەکەن، بە هۆکاری قەڵەوی دادەنرێت لەوانە، ئەنسۆلین، لێپتین، گریلین، کۆرتیزۆل، هۆرمۆنی غوودەی دەرەقی و هۆرمۆنی ئیسترۆجین.
ئەنسۆلین، بەرپرسیارە له کۆکردنەوەی چەوری لە ناو لەش و یەکێکە لە هۆکاری قەڵەوی، کاتێک بڕی ئەنسۆلین بە ڕێژەی ٪٣٠ زیاد دەکات یاخود لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، دەبێتە هۆی زیادکردنی کێشی مرۆڤ بە ڕێژەی ٪٢٠.
خواردنی شیرینی، بڕی زۆر لە خۆراک و بە بەردەوامی، خواردنە خێراکان و کاربۆهیدراتی موکڕی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و ساردەمەنی دەبیتە هۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی ئەنسۆلین لە خوێن، بۆ دابەزینی پێویستە بڕی کەمتر لە کاربۆهیدرات بخورێت لەگەڵ دوور کەوتنەوە لە شەکری سپی و شیرینی و گلۆکۆز و خۆراکی دەوەڵەمەند بە فرکتۆز، هەروەها بە سیستمی خۆراکی لۆکارب و کیتۆهاوشێوەکانی و ڕۆژووی پچڕپچڕ دادەبەزێت، لەگەڵ خواردنی تەواوکەری خۆراکی مەگنسیۆم، چای سەوز و وەرزشی وەک بە پێ ڕۆیشتن .
لێپتین (هۆرمۆنی تێر بوون)، لەو کەسانەی کێشیان زۆرە ڕێژەکەی کەمترە یان کار ناکات، درەنگتر هەست بە تێر بوون دەکەن، هەندێ جار لە مرۆڤی قەڵەودا ڕێژەکەی چوار ئەوەندەی ئاستی ئاساییە، بەڵام هۆرمۆنەکە کاریگەری نیە، بەرزی ئەنسولێن دەبێتە هۆی حاڵەتی مقاوەمەی لێپتین و کەسەکە هەمیشە برسیەتی.
دەتوانرێت ڕێژە و کاریگەری هۆرمۆنی لێپتین ئاسایی بکرێتەوە لە ڕێگای خەوتنی باشی شەوانە لەگەڵ خواردنی ماسیە زەیتەکان و بڕی پێویست لە ( ALA ) کە ماددەیەکی دژە ئۆکسانە و بە بڕی زۆر له گۆشتی سوور، سپێناخ، بڕۆکلی، گێزەر و تەماتەدا هەیە یان دەتوانرێت بە شێوەی تەواوکەری خۆراکی وەربگیرێت
گریلین، بە هۆرمۆنی برسیەتی ناسراوە و پێش نان خواردن ڕێژەکەی بەرز دەبێتەوە و دوای خواردن دادەبەزێت، بەڵام لە کاتی قەڵەوی دوای نان خواردنیش هەرچەندە ڕێژەکەی دابەزێت بەڵام بە باشی کار ناکات، بۆیە مرۆڤەکە هەر هەست بە برسیەتی دەکات، دەتوانرێت کاریگەری هۆرمۆنەکە چالاکتر بکرێت لە ڕێگای دوور کەوتنەوە لە خواردنەوەی دەوڵەمەند بە فرکتۆز و ئەو خواردنەوانەی شیرینی و حەپی شیرینکردنیان تێدایە لەگەڵ خواردنی دەوڵەمەند بە پڕۆتین بە تایبەت لە ژەمی بەیانی دا .
کۆرتیزۆل، بە یەکێکە لە سترێس هۆرمۆنەکان و بەرزبوونەوەی دەبێتە هۆی پەنابەردن بۆ خواردنی زۆر لە کاتی قەلەقی زۆر، هەروەها لە ڕێجیمی زۆر قورس دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری، دەتوانرێت لە ڕێگای وەرزش، خەوتنی زۆر و زوو خەوتنی شەوانە و ێۆگا و گوێ گرتن لە میوزیکی هێمن هۆرمۆنەکە کەم بکرێتەوە.
هۆرمۆنی غوودەی دەرەقی، سستی یا تەمەڵی غوودەی دەرەقی دەبێتە هۆی زۆری کێش بە تایبەت لە ورگ دا، ئەو کاتە پێویستە چارەسەر بکرێت لە ڕێگای دەرمان و غوودەکە چالاک بکرێتەوە بە دوور کەوتنەوە لە خواردنی دەوڵەمەند بە سۆدیۆم، چەوری و فوول سویا و حەپ و شرووبی ماددەی ئاسن کاتێک زۆر پێویست نەبێت .
هۆرمۆنی ئیسترۆجین، گرنگترین هۆرمۆنی ژنانەیە و بەرز بوونەوەی یا دابەزینی دەبێتە هۆی قەڵەوی و ڕێژەکەی دەگۆڕێت لە کاتی دووگیانی، سووڕی مانگانە، تەمەن و منداڵ بوون، تەمەنی نائومێدی و ئەو ژینگەی تیا دەژیت .
پاراستنی ڕێژەی ئاسایی ئیسترۆجین ڕەنگە بەدەست بهێنرێت بە بەکارنەهێنانی ئاوی ناو پلاستیک و شووشە، لەگەڵ خواردنی سەوزە گەڵا تۆخەکان وەک قەڕنابیت، بڕۆکلی، کەلەرم، جەرجیر، شێلم، توور، شێلم و گێزەر و هاوشێوەکانی .
ئامادەکردنی: دکتۆر کامهران رسوڵ ژاژڵهیی – پسپۆڕی زانستی خۆراک