سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕِدا هەبووە و لە ئێستادا نرخی یەك بەرمیل نەوت لەنێوان ١٦٥ بۆ ١٧٠ هەزار دیناردایە و بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخەكەی دابەزیووە.”
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتی بۆ ناوچە شاخاوییەكان دابینكردووە و دەستكراوە بە دابەشكردنی و دواتر لەناو سەنتەری شار دەستدەكرێت بە دابەشكردنی نەوتی سپی و پڕۆسەكەش بەردەوامدەبێت و چاوەڕواندەكرێت هەموو خێزانێك یەك بەرمیل نەوتی پێبدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیووە كە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان بە هەمان نرخ دابینبكات و بەوەش كاریگەریی زیاتری لەسەر دابەزینی نرخەكەی لە بازاڕدا دەبێت.
هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لەوبڕوایەدام ئەگەر بەغدا بەڵێنەكەی جێبەجێبكات و نەوتی سپی هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ هەرێم بنێرێت ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت.