لابردنی سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان نەقیب و جێگرەکەی رووبەڕووی یەکتردەکاتەوە



لەسەر دوورخستنەوەی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە پۆستەکەی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان و جێگرەکەی وەڵامی یەکتر دەدەنەوە و سەرۆکی لقی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دەڵێت:”كاك ئازادی بەڕێز كاری سەندیكایی بە كۆنە قین ناكرێت”.

ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند، کە کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی سەندیکا لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.

لە وەڵامدا بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە مانگی ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ بڕیاری لادانی کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای دەرکردبوو، دوای دەستبەکاربوونمان وەک جێگری نەقیب، لە مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢١، تا ئێستاش ئێمە راشکاوانە بە نەقیب و ئەنجوومەنی سەندیکامان راگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک وەک لیستی سەوز لە سەندیکا، ناچینە ژێر بڕیاری لادانی سکرتێری لقی سلێمانی و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بڕیاری لادانی سکرتێری لقی سلێمانی نییە.

هەروەها كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە و دەڵێت:”كاك ئازادی بەڕێز كاری سەندیكایی بە كۆنە قین ناكرێت، وشەی دەرمان كردوە لایەقی جەنابت نیە، تۆ نەقیبی من رێزت دەگرم لەچوارچێوەی كاردا، ئەگینا وەك بۆچوونی خۆم تۆ نە حاكمیت و نە ئازادیت و نە رۆژنامەنووسیت”.

دەقی وەڵامەکەی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان:-
وەڵامێك بۆ ئازاد حەمەدەمین
مرۆڤە بەڕێزو سەنگینەكان هەرگیز كارێك ناكەن كە ببێتە مایەی ناوزڕاندن و شكستی كەسایەتیان، خەڵكی ژیرو هۆشمەند تەنها یەك جار وەڵام دەدرێنەوە، ئیتر پێویست بە قوڕ شێلان و خۆڵ بەسەر خۆكردن ناكات، بەڵام واپێدەچێت جەنابی نەقیبی رۆژنامەنووسان پێویستی بە دووجار وەڵامدانەوە هەبێت، جارێك دوو ساڵ لەمەوبەر لەدەنگی ئەمەریكاوە وەڵامم دایتەوە و ئەمجارەش لەپاش دیدارەكەی (روداو) شایان بەوەڵامی دووەم دەبیت.
ـ وەك پارێزەری یاسا و پەیڕەو هەمووكات وتوومانە: ئەم سەندیكایەی ئێمە پەیڕەوی ناوخۆ و یاسایەكمان هەیە كە لە پەرلەمانەوە دەرچووە، دڵنیام ناوی هەردووكیانت بیستووە، كەچی بەردەوام لە دەرەوەی پەیڕەو و یاسا دژی لقی سلێمانی دەوەستیتەوە.
ـ بەردەوام لە رێگەی خۆمانەوە ئاگادارمان كردویتەوە: لادانی سكرتێری لق كە بە كۆنگرە و كۆنفرانس دانرابێت، بەچوار ئیمزای گوماناوی زۆر مەبەستاوی داوایەكی بەتاڵە و كەس بە پولێك لێت ناكڕێت.
ـ ئەوەندە لەگەڵ یاسا بووین، وتومانە: ئەگەر كێشەیەكمان خوڵقاندووە، خوانەخواستە پارەیەكمان خواردووە، دوور بێت لە رووتان جوڵەیەكی نەخوازراومان كردبێت لێرە و لەوێ، دەتوانن گلەییمان لێ بكەن و تەنانەت رێگای دادگامان لێبگرن، نەك لە شاشەوە قسە و قسەڵۆك دروست بكەیت.
ـ چۆن لە پەرێزی پیشەیی خۆمان دڵنیابووین، پێمان وتوون: ئەگەر گومانت لە شتێك هەیە بەپێی یاسا لیژنەیەكی بۆ دروست دەكەین و لە نزیكەوە قسە لەسەر بابەتەكە دەكەین، نەك بە مەركەزیەت و خۆسەپاندن بڕیار بەسەر ئیرادەی سلێمانیدا بسەپێنیت.
ـ ئێمە خۆمان و لقی سلێمانیش بە نوێنەری سەرجەم رۆژنامەنووسان دەزانین، هەر بڕیارێك هەبێت یاسامان سەرپشك كردوە، كەچی تۆ بە پاڕانەوە و دەستوەردانی حزبی لەلایەن خۆتەوە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكەیت و ناهێڵیت رێكاری یاسایی بەرقەرار ببێت.
ـ لە هەموو كەس باشتر دەزانیت، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە و ئازادی رۆژنامەنووسی لە ترۆپكدایە، بەڵام تۆ سلێمانی بە كوێرە دێیەك تێگەیشتوویت بۆیە ئەو دەستە بخە ژێر سەرت.
ـ سەندیكا بەرەییە و لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی دامەزراوە، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، موڵكی تایبەتی تۆنیە یا حزبێكی دیاریكراو تا بە ئارەزووی خۆت خەڵك بهێنێت و خەڵك دەربكەیت!!!! هێواش هێواش كاكە.
ـ جوانترین سیفەتەكانی مرۆڤ راستگۆییە، ئەم دیدارەی ئەمڕۆتان لە روداو زیاتر هیستریاو پاڕانەوەو هەناسە بڕكێ بوو نەك وتنی راستیەكان.
ـ ئێمە لە سلێمانی هەرگیز وەك جەنابتان دەستوەردانی حزبی و نایاساییمان نەكردووە، ئەگەر پێویستیش بكات زۆر كاری وردتر و زیاتر دەخەینەڕوو سەبارەت بە كاری دوانزە ساڵی رابردووتان لەم سەندیكایە.
-لەبیرتان بێت تا ئێستا چەندین جار بڕیاری داخستنی لقی سلێمانی و لقەكانی تریشتان داوە بەڵام بۆتان نەچوەتە سەر..
-كاك ئازادی بەڕێز كاری سەندیكایی بە كۆنە قین ناكرێت، وشەی دەرمان كردوە لایەقی جەنابت نیە، تۆ نەقیبی من رێزت دەگرم لەچوارچێوەی كاردا، ئەگینا وەك بۆچوونی خۆم تۆ نە حاكمیت و نە ئازادیت و نە رۆژنامەنووسیت..
كاروان انور
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

سوید لە بارەی سەلوان مۆمیکاوە بڕیاریدا
پێت سوید لە بارەی سەلوان مۆمیکاوە بڕیاریدا
هێرشکرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر
دوات هێرشکرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر
پەیوەنیدر