بانکی ڕافیدەین بڕیاریدا ئاسانکاری بۆ کردنەوەی هەژمارە بانکییەکان بكات بەبێ سنووردارکردنی ناوچەی جوگرافی لە بەغدا و پارێزگاکاندا.
بانكی ڕافیدەینی عێراقی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەکردووە،” بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکان، فەرمانی بە لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکان کرد بۆ ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکانی کردنەوەی هەژمارەکانی ئێستا و پاشەکەوتکردن”.
ڕاشیگەیاندووە، “بانکەکە ڕێنمایی هەموو لقەکانی کردووە بۆ ئاسانكردن و تەواوکردنی مامەڵەکانی کڕیار بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بەبێ سنووردارکردنی ناوچەی جوگرافی و شوێنی کڕیار، بە ڕەچاوکردنی چوارچێوە یاساییەکان، کە پەیوەستن بە کۆنتڕۆڵ و مەرجی کردنەوەی هەژمارێک بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی”.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی ئەو بانکە بێت، سەرەڕای هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكان، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن هەژماری تایبەت بەخۆیان لەو بانکە بۆ هەر مامەڵەیەکی دارایی بکەنەوە دوای كردنەوەی لقی بانكەكە لە شارەكانی هەرێم.