وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەركی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە یاری بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەكەن و دەشڵێت: “شاندی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكی 30 لاپەڕەیی پێشكەش كردووە و ِروون و شەفاف وەڵامی هەموو شتێكی تێدا دراوەتەوە”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ دووبارە تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاسپارد، كە بەو پەڕی شەفافی و ئامادەییەوە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی حكومەتی فیدڕاڵ بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان و نەهێشتنی هیچ دوودڵییەك لەلای حكومەتی فیدڕاڵ.
ڕاشیگەیاند، شاندی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكی 30 لاپەڕەیی پێشكەش كردووە و ِروون و شەفاف وەڵامی هەموو شتێكی تێدا دراوەتەوە و لە كۆبوونەوەی شاندی حكومەتیش لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان 28 پرسیار وەڵامیان دراوەتەوە، تەنانەت هەندێك پەرلەمانتاری عێراق وتوویانە “ئێمە پێشتر نەمانزانیوە بابەتەكان بەم شێوەیەن!”.
جەختیشی كردۆتەوە، “ئەركی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە یاری بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەكەن، بەڵكو پێویستە هەمووان لە بەرامبەر ئەو بابەتەدا یەك هەڵوێست بن بۆ داواكردنی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان”.
پێشهوا ههورامانی وتيشى، “دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی دەستووری حکومەتی فیدراڵە و دهبێت وەک هەموو ناوچەیەکی دیکەی عێراق مووچهی ههرێمی كوردستان خهرج بكرێت”.
دووپاتیشیكردهوه، كه دهبێت پرسی مووچه لە هەموو پرسێکی دیکە جیابکرێتەوە و وەک بارمتەیەکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، هەتا ئەو رۆژەش کە حکومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی فرۆشتووە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەم سەختی و ناڕەحەتییەیان نەبینی، کە ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە.