ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ بڕیارێک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ٨ نەدرا، ئەمە لەکاتێکدایە مانگی پێشوو 25 مانگ دەست بەدابەشکردنی مووچە کرا.
مەسرور بارزانی بڵاویکردەوە،لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕۆژی 10/18 لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ ، لەلایەن ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێم خرایەڕوو و ڕوونکردنەوەی پێویست بە ژمارە و داتای دروست سەبارەت بە دۆخی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا، لەدووتوێی ڕاپۆرتێکی 30 لاپەڕەییدا.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبونەوەی ڕۆژی 10/18 ی لیژنە دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم دامەزراوەکان ڕاسپێردراون کارئاسانی تەواو بکەن بۆ دیوانی چاودێری دارایی عێراق تاوەکو هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەهێڵرێتەوە، بە تایبەتیش کە ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە دوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە و ئیتر ئەرکی حكومەتی فیدراڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی قانونیی مووچەخۆرانە.
لەم هەفتەیەدا ئەمە جاری دووەمە کۆبوونەوە لەسەر ئەو سەردانەی شاندی حکومەت بۆ بەغدا دەکرێت، بەڵام لە هیچکام لە کۆبوونەوەکاندا نە باسی مووچە و کاتی دابەشکردنی مووچە، نە باسی کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پریپەید کراوە، کە بڕیاربوو ئەو دووباسە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدرێت.