لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سەر پەناگەیەكی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش، چوار چەكداری ڕێكخراوەكە كوژران.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن شانەی میدیای ئەمنی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”بەپشتبەستن بە پلانێكی تۆكمە و زانیاریی هەواڵگری ورد كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی بەئامانجگرتنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئامادەكرابوو، هێزی ئاسمانی لەڕێی فڕۆكەكانی F_16 پەناگەیەكی چەكدارانی داعشی لە ناوچەی نارینی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە بۆردومان كرد كە چوار چەكداری ڕێكخراوەكەی تێدابوو”.
پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی ڕایگەیاندبوو، فڕۆكەكانی هێزی ئاسمانی هێرشیان كردۆتە سەر پەناگەیەكی تیرۆریستانی داعش لە سنوری دەریاچەی حەمرین.
بە وتەی سەرچاوەكە، وەك ئەنجامی سەرەتایی هێرشەكە، سێ تیرۆریست كوژراون.