د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣ لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە .
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی وڵات و میکانیزمی ھەماھەنگی نێوان پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتی کۆمار لە پێشکەشکردن و پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان تاوتوێ کرا.
ھەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشھاتەکانی دۆخی کەرتی غەززە و گرنگی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرا بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و بەردەوامی بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل.
جەختیشكراوەتەوە، ھەڵوێستی نەگۆڕی میللی و فەرمی عێراقیان لە ڕەتکردنەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، کە قودسی پیرۆز پایتەختیەتی دووپاتکردەوە.