یاساناسەکانی قامشلۆ لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای كوردستان پێکدەهێنن.
لە میانی کۆڕبەندێکی دیالۆگ، کە لە هۆڵی میریلاند لە شاری قامشلۆ و لە ژێر دروشمی “تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەپێوەری یاسا نێودەوڵەتییەکان لە 4 تا 10ی تشرینی یەکەمی 2023” گفتوگۆ سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام درا.
لە میانی کۆڕبەندەکەدا، بەشداربووان تیشکیان خستە سەر ئەو “دووفاقیەی” کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسەکانی جیهان پەیڕەوی لێدەکات، هەروەها هەڵوێستی نەرێنیان بەرامبەر بە پرسی سوریا، بەتایبەت دەربارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
هەروەها هەڵوێستی نەرێنی حکومەتی دیمەشق و ویلایە تەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا بەرامبەر بە “دەستدرێژیەکانی” دەوڵەتی تورکیا بەشێکی گرنگ بوون لە گفتوگۆکانی کۆڕبەندەکە.
کۆتایی کۆڕبەندە یاساییەکە بە دەرکردنی چەند پێشنیارێک کۆتایی هات، لە رێگەی بەشداریکردن و گفتوگۆی ئامادەبووانەوە، لەوانە:
1- پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوون، کە لە کۆڕبەندەکەوە سەرچاوە بگرێت بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕاسپاردەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەڕێوبەریی خۆسەریی و هێزەکانی سوریای دیموکرات.
2- چڕکردنەوەی هەوڵە یاساییەکان، بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەک لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی کە تورکیا لە ڕۆژئاوا ئەنجامی دەدات.
3- پێکهێنانی دەزگایەکی باوەڕپێکراو، کە کاربکات بۆ بەبەڵگەکردنی وردی پێشێلکارییەکان و بەدواداچوونیان لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکاندا.