وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێکی سەبارەت بە ڕووداوەکەی مەخموور بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، لەپێناو چارەسەری ڕیشەیی و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق
دەقی راگەیەنراوەکە:
بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە (٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣) ڕووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور ڕوویدا و لە ئەنجامدا شەھید و برینداربوونی لەھەردوولا لێکەوتەوە.
سەرەخۆشی و ھاوخەمی قوڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە لە پێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام، کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبھێنێت.
پشتیوانی خۆشمان دەردەبڕین بۆ ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە ڕووداوەکە بۆ دیاریکردنی ھۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە