بانکی ناوەندی پێنج ڕێکاری نوێ دەگرێتەبەر



ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بانکى ناوەندى عێراق 5 رێوشوێنى نوێی گرتۆتە بەر لە پێناو کۆنتڕۆڵکردن و بەرزنەبوونەوەى دۆلار لەبازاڕەکاندا.

مەزەر کروى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا بۆ کەناڵە عێراقییەکان راگەیاندووە، بەپێی داتای فەرمی بانکی ناوەندی و لیژنەی دارایی، جیاوازى نرخى دۆلار لەوەى کە بانکى ناوەندى دیاریکردووە و ئەوەی کە لە بازاڕ مامەڵەى پێوە دەکرێت 20%ه، ئەمەش رەنگدانەوەیەکى خراپى لەسەر دۆخى هاوڵاتییان دروستکردووە.

کروی باسى لەوەشکردووە، بەهۆى ئەو خواستە زۆرەى لەسەر دۆلار هەیە ئەگەرى بەرزبونەوەى دۆلار زیاترە، ئەمەش پەیوەندی بە گرێبەستى بازرگانى و گەشتى دەرەوەى هاووڵاتییان هەیە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە دواین کۆبونەوەیان لەگەڵ بانکى مەرکەزى ئاماژەى نەرێنیان بەدى کردووە بەتایبەت لەروى دەستەبەرکردنى نەختینەیى دۆلار.

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى ئاشکراشى کردووە، بانکى ناوەندى دەستیکردووە بە گرتنەبەرى پێنج رێوشوێنى نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بەرزبونەوەى زیاترى دۆلار لە بازاڕدا، لە دیارترینیشیان کەمکردنەوەى مامەڵەکان بە دۆلار.

کروى پێى وایە، کەمکردنەوەی نرخی دۆلار زۆر گرنگە، بەتایبەتی کە هەر بەرزبوونەوەیەک دەبێتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر بازاڕەکان و بەرزبونەوەى نرخ.

ماوەى زیاتر لە دوو هەفتەیە، بازاڕى دراو لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بەهۆى ناجێگیرى و بەرزى بەهاى دۆلار توشى شڵەژان بووە و لە ئێستاشدا 100 دۆلار بە 159 هەزار و 800 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت.

ناوی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت
پێت ناوی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت
خێزانێكی كورد لە فەلەستین بە بۆردومانی ئیسرائیل كوژران
دوات خێزانێكی كورد لە فەلەستین بە بۆردومانی ئیسرائیل كوژران
پەیوەنیدر