شەڕی فرەبەرەیی دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟



بەیانی ڕۆژی شەممە (٧ تشرینی یەکەم)، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠٠ کەس گیانی لەدەستدا، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرپەرچی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دایەوە.

لە پێش ٥٠  ساڵ‌ پێش ئێستا و لە جەنگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣ ەوە، ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل بە شێوەیەكی فەرمی ڕایگەیاند “لە دۆخی جەنگ”دایە.

لە جیهاندا، پسپۆڕ و شرۆڤەکاران، لەگەڵ کەسانی باڵا سەرنجەکانیان خستە سەر ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، دەرەنجامەکانی شەڕەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووانی نیگەران کردووە، هاوکات ترس لە پەرەسەندنی شەڕەکە و تێوەگلانی  بزووتنەوە چەکدارەکانی دیکەی وەک حزبوڵڵا و وڵاتانی زلهێز هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا کڵپەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دانەمرکاوەتەوە، جیهان گیرۆدەی شەڕێکی دیکەبووە، دابەشبوونێک هەیە و هەندێک پێیان وایە ئەمە شەڕێکی ئاینییە بەرامبەر بە گەلی فەلەستین ئەنجامدەدرێت، هاوکات بەشێکی دیکەش دەڵێن ئامانجی ئیسرائیل شەڕە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کە دەستپێشخەری هێرشەکانی کرد.

 

شەڕی فرەبەرەیی بە واتای چی دێت؟

کاتێک شەڕ لە نێوان دوولایەن فراوان دەبێت، لایەنی دوو، سێ و چوار دێنە ناو شەڕەکەوە، پەردەسێنێت و زیاتر لە چەند گروپێکی چەکدار بەشداری تێدا دەکەن.

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئەڵمانیا شەڕێکی دوو بەرەیی لە دژی فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتالیا، بەلجیکا و دواتر هەروەها هێزەکانی ئەمریکا لە بەرەی ڕۆژئاوا و ڕووسیا و دواتر ڕۆمانیا لە بەرەی ڕۆژهەڵات ئەنجامدا.

ئێران ژمارەیەک میلیشیای شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنداری دەکات و ڕاهێنانیان پێ دەکات، پارەدار و تەیاری کردوون بە پێداویستی سەربازی، بەهێزترینی ئەو میلیشیایانە حزبوڵڵای لوبنانە لە سەر سنووری باکووری ئیسڕائیل.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سعودییە و وڵاتانی عەرەبی، هۆکارێکی دیکەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینە، مەبەست تێیدا ناردنی پەیامێکە بۆ ڕیاز، کە نابێت پرسی فەلەستین تەنها وەک بابەتێکی لاوەکی دیکە لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بەهرۆز جەعفەر، دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “دۆخەکە نزیکە لەوەی حزبوڵلا لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق، حەماس لە فەلەستین،  حوسییەکان لە یەمەن، لەناکاو لەم جەنگەوە بگلێن”.

هاوکات جۆناسان پانیکۆف، جێگری پێشووی ئەفسەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریک ئاماژە بەوە دەکات، “ساڵانێکە هۆشدارییەکان سەبارەت بە ئەگەری شەڕێکی فرە بەرەیی هەیە، ئەگەر ئەمە سەرەتای یەکێک لەوانە بێت، ئەگەری مردن و لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لێدەکەوێتەوە”.

سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ پرسی کورد بەهرۆز جەعفەر ئاماژەی بەوەکرد، ” ماوەی ساڵێکە پەیوەندییە سیاسیی، دیبلۆماسیی، ئابورییەکانی تورکیا و ئیسرائیل ئاسایی بوەتەوە، کە ساڵی ٢٠١٠ بەهۆی پاڵپشتی ئەردۆغان بۆ فەلەستینییەکان تێکچوو، ئەم ئاسایی بوونەوەیە زیان بە پرسی کورد دەگەیەنێت لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، هەروەها ململانێ و نا-سەقامگیریی دەخاتە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانەوە، چونکە تورکیا بە ئاشکرا نیگەرانییەکانی دەربڕیووە، کە لە دوای ١٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧-ەوە کەرکوک و شەنگال بەتەواوی بووەتە بەشێک لە ستراتیجی ئێران.”

 

کاریگەری جەنگ  لەسەر ووزە و ئابووری جیهان؟

لە جیهاندا بە گشتی جەنگ چەندین کاریگەری نەرێنی بەجێدەهێڵێت، ئێستا شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین نرخی وزە و سووتەمەنی بەگشتی بەرز کردووەتەوە.

کامەران قادر، دکتۆرا لە ئابووری، باسی لە لێکەوتەکانی شەڕ کرد و وتی،” کاریگەری شەڕ و جەنگ بەندە بەو دوو وڵاتەی ململانێی یەکدی دەکەن ئەگەر شەڕەکان لە نێوان دوو دەوڵەت بێت کە لە هێزدا یەکسان بن و نێودەوڵەتی بن، ئەوا یەکلای نابێتەوە، شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین کەمتر بەهێزە بەراورد بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیری دەکەن و ڕووسیا نەوتی هەیە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان هەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ” شەڕەکان کاریگەری لەسەر ئابووری ئەمریکا دروست دەکات و دراوەکەی مەترسی دەکەوێتە سەر، هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەڵاوسان لە ئەمریکا و ئەوروپا دروستدەکات، بەهای دۆلار و یۆرۆ نرخی دادەبەزێت، هەر بۆیە لەم ساڵانەدا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان ڕێژەی سوودیان زیاد کرد”.

ئێستا نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەتەوە بەهۆی ترس لە تەشەنەسەندنی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین بۆ وڵاتانی مەغریب، لوبنان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات ناجێگری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیری وزە دروست دەکات.

هاوکات سەبارەت بە عێراق باسی لەوەکرد، ” ئێران بە پاڵپشتی سەرەکی بزووتنەوە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، هاوکات ئەمریکا کۆنترۆڵی دراوی عێراقی کردووە، ئێستا ئەمریکا دۆلار بە کاش ناداتە عێراق، چونکە دەیەوێت سەرچاوەی هەناردەکردنی دۆلار بۆ ئێران ببڕێت لە ڕێگەی عێراقەوە”.

وتیشی، ” لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمریکا فشار لە عێراق دەکات بۆ وەستاندنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران، ئەمریکا دەیەوێت عێراق دۆلار بداتە وڵاتانی عەرەبی لە ڕێگەی کڕین و بازرگانییەوە، مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.”

هەمووی هەژدە مانگە کە ڕێککەوتن لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل سەبارەت بە سنوورە ئاوییەکان و کێڵگەی گازیی کاریش-Karish ی ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئیدارەی بایدن کراوە.

ئیسرائیل لە دوای دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە کەناراوە ئاوییەکانی ڕۆژەهەڵاتی دەریای سپی لە وڵاتێکی هاوردەکاری گازەوە بووەتە هەناردەکار بۆ میسر و ئەردەن، هەروەها لەڕێگەی بۆرییەکی ١٩٠٠ کیلۆمەترییەوە کە ساڵی ٢٠٢١ بیناکراوە بەژێر ئاودا تا دوورگەی کریتی یۆنان گازی قوبرس و ئیسرائیل هەناردەی ئەوروپا دەکات.

جگە لەمەش ئەم جەنگە کێشە و ڕا-ڕایی بۆ ناوچە ئاوییەکانی دەریای سپی درووست دەکات، کە ڕێرەوێکی ستراتیجی گواستنەوەی نەوت و گاز و شمەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکاوە بۆ ئەوروپاو خۆرئاوا بەگشتی.

 

ئابووری جیهان پاشەکشە دەکات؟

ئێستا جیهان لەژێر مەترسی پاشەکشەی ئابووریدایە، لە کاتێکدا ململانێ جیۆپۆلیتیکییە جیهانییەکان کاریگەرییان لەسەر مامەڵە بازرگانییەکان دەبێت.

زۆرجار ململانێکانی ناوخۆیی و نێوان دەوڵەتەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر پێوەرەکانی بازاڕی بۆرسە، نرخی ئاڵوگۆڕ و نرخی کاڵاکان هەیە، تەنانەت هەندێکجار کاڵا و شتومەکەکان بە نرخی بەرزتر دەنێردرێن لە پێش کاتی شەڕەکان.

ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، وەک گەمارۆی نەوتی ئۆپێک لە ساڵانی ١٩٧٣-١٩٧٤، شۆڕشی ئێران لە ساڵانی ١٩٧٨-١٩٧٩، شەڕی ئێران و عێراق کە لە ساڵی ١٩٨٠ دەستیپێکرد و یەکەم جەنگی کەنداوی فارس لە ساڵی ١٩٩٠ -١٩٩١.

بەو پێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی یەک لەسەر سێی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت، هەر ناسەقامگیرییەک نادڵنیایی لە بازاڕ دروست دەکات، کاریگەری ململانێکانی ئیسرائیل و حەماس لەسەر بازاڕە داراییە جیهانییەکان بەندە بە بەشداریکردنی زلهێزە ناوچەییەکان.

هەر بۆیە ئەگەر ململانێکان لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بمێنێتەوە، کاریگەرییەکەی سنووردار دەبێت،  کاریگەری دەخاتەسەر ئەو وڵاتانەی کە بەرکەوتنی بازرگانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل یان فەلەستین هەیە، بەڵام ئەگەر ململانێکان بۆ وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناوچەکەدا وەک ئێران بڵاوببێتەوە، ئابووری جیهانی ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە.

مێژوو دەتوانێت هەندێک تێڕوانین پێشکەش بکات کە چۆن کاریگەرییەکان لەسەر ئابووری جیهانی دەتوانێت لە ژێر ئەم سیناریۆ جیاوازانەدا پەرەبسێنێت.

بۆ نموونە شەڕی ٥٠ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ٢٠١٤ کە بووە هۆی کوژرانی ٢٢٠٠ کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری جیهانی و بازاڕە داراییەکان نەبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٦ ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان پێکدادان ڕوویدا، بەهۆی ترسی ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت لە ئاستی جیهانیدا بەرزبووەوە.

ئێستا بازرگان و سەرمایەداران پەنادەبەنە بەر کڕینی زێڕ وەک پەناگەی سەلامەت بۆ پاراستن لە نادڵنیایی ئابووری، هەر بۆیە دوابەدوای پەرەسەندنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین، نرخی زێڕ بەرزبووەوە.

تەندروستی فەڵەستین: ئیسرائیل لە ٢٤ کاتژمێردا ١٧٧ منداڵی کوشتووە
پێت تەندروستی فەڵەستین: ئیسرائیل لە ٢٤ کاتژمێردا ١٧٧ منداڵی کوشتووە
پەیوەندی بەرهەمی ناوخۆیی بە بازاڕی هاوتەریبەوە چییە؟
دوات پەیوەندی بەرهەمی ناوخۆیی بە بازاڕی هاوتەریبەوە چییە؟
پەیوەنیدر