جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم و تیمی بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی تەواو بدەن لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان و جێبەجێکردنی سەرجەم داواکانیان لە پێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو، تێیدا چەند تەوەرێک گفتوگۆیان لەسەرکرا و راسپاردە و پێشنیازی پێویستیان لەبارەوە گەڵاڵەکرا و ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی کران.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخی هەرێم و کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کراو جەخت لەوە کرایەوە تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان هەمو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو دەستەبەرکردن و دابینکردنی شایستە داراییەکان و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەکاتی خۆیدا، بۆئەوەی بتوانرێت داواکاری مامۆستایان و وانەبێژان دابینبکرێت و پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.
هاوکات جەختکرایەوە لەوەی پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان بەرمەبنای پێداویتسییەکانی کۆمەڵگە خۆی رێکبخاتەوە و ببێتەوە جێی ئومێد و وەڵامدەرەوەی پێداویستی و خواستی توێژەکانی کۆمەڵگە و پڕۆسەی سیاسی.