بانكی ناوەندی عیراق زیاتر 124 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی زیاتر بەراورد بە ڕۆژی پێشوو دادەنرێت، بەڵام وێڕای ئەمەش لە مامەڵەكانی ناوخۆ، نرخی دراوەكە بەرزترین ئاستی تۆماركرد.
ئەمڕۆ دوو شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 134 ملیۆن و 98 هەزار و 495 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زیاتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو كە 122 ملیۆن و 545 هەزار و 559 دۆلار بوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 49 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 84 ملیۆن و 398 هەزار و 495 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 16 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 14 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 116 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ئەمڕۆ دوو شەممە، 100 دۆلاری ئەمریكایی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا كە بە نرخێكی بەرز بەراورد بەو نرخی فەرمی دراوەكە لە وڵاتدا دادەنرێت.