ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هەنگاوێکی پەرلەمانی ئاشکرا کرد بۆ ئەنجامدانی هەموارکردنەوەیەک بۆ بڕگەیەکی یاسای بودجەی فیدڕاڵی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
یوسف كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “سکاڵامان بەدەست گەیشتووە لە ڕێگەی واژۆی کۆکراوەی 218 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان، کە داوایان کردووە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەست بکرێت بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی”.
ڕوونیشیکردەوە، “ئێستا لەگفتوگۆداین بۆ هەموارکردنەوەی بڕگەیەکی بودجە، بۆ ئەوەی ئەو هەموارکردنەوەیە بگرێتەوە، کە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕاستەوخۆ بە وەزارەتی داراییەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ بڕینی ئەو بڕە پارەیە لە پشکی هەرێم”.
كیلابی وتوشیەتی، “زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکانی نوێنەرایەتی هەرێم ڕەزامەندی خۆیان بۆ ئەم هەموارکردنە دەربڕیوە”.
جەختیشی كردۆتەوە، “هەوڵ دەدەین و كاردەكەین بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی یاسایی، کە لەگەڵ دەستوردا بگونجێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەموارکردنەوەیە”.
مانگی حوزەیرانی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023-2024-2025 پەسەند کرد، بەڵام فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم بەهۆی پێنەدانی 3 مووچەی ئەمساڵەوە دەستیان بە خۆپیشاندان و بایكۆت كردووە و داوا دەكەن مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە وەك فەرمانبەرانی عێراق وەربگرن و بۆ ئەوەش هەڵمەتی واژۆ كۆكردنەوە لەناو فەرمانبەران دەستی پێ كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەدواین ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی چوار شەممەی پێشوودا جەختی كردەوە، “دەبێت دابەشكردنی مووچە لەڕێگەی دامودەزگاكانی هەرێمەوە بێت”.
پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا واژۆی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق “جگە لە پارتی” لەسەرە.