پەرلەمانی عێراق ئیدارەی هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر فەلەستین دەكات و 7 بڕیار و راسپاردەی تایبەت بە پرسی فەلەستین دەركرد و داواش لە حكومەتی عێراق دەكات، پێداویستی فریاگوزاری ڕەوانەی كەرتی غەززە بكات.
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە كۆبووەوە و بەشێكی كۆبوونەوەكە درێژەپێدەری كۆبوونەوەی دوێنێی تایبەت بە پرسی فەلەستین و هێرشەكانی ئیسڕائیل بوو.
پەرلەمانی عێراق 7 بڕیار و ڕاسپاردەی دەركرد و داوای كرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندن و كوشتار و ئاوارەبون لە دژی گەلی فەڵەستین.
دەقی بڕیار و راسپاردەكانی پەرلەمانی عێراق:
1- سەركۆنەكردنی سیاسەتی قەوارەی قۆرخكاری زایۆنیستی كوشتن و ئاوارەكردن و ڕوخاندنی ماڵەكان و دوپاتكردنەوەی مافی فەڵەستینییەكان بۆ بەرگریكردن لە خاك و مافە دەستبەسەرداگیراوەكانیان.
2- داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین هەمو ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر بۆ پاڵپشتی و فریاگوزاری بۆ گەلی فەڵەستین بەتایبەت لە كەرتی غەززە.
3- داواكردن لە پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی عەرەب كە دانیشتنێكی بەپەلەی یەكێتیی پەرلەمانە عەرەبییەكان لە بەغدا ئەنجامبدەن بۆئەوەی هەڵوێستێكیان لەگەڵ ئیرادەی گەلانی عەرەبدا بگونجێت.
4- داواكردن لە نەتەوە یەكگرتوەكان كە بەپەلە كاربكات بۆ كردنەوەی دەرچەیەك بەمەبەستی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ گەلی فەڵەستین.
5- داواكردن لە ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بەوەی كاری جدی بكات بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندن و كوشتار و ئاوارەبون لە دژی گەلی فەڵەستین.
6- كردنەوەی دەرچەی فەرمی بۆ گەیاندنی بەخشین و هاوكاری حكومی و ناحكومی بەمەبەستی پاڵپشتی و هاوكاریكردنی گەلی فەڵەستین.
7- جەختكردنەوە لەسەر هەڵوێستی پتەو و پشتیوانانەی عێراق لەسەر پرسی فەڵەستین و مافی گەلی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و سەروەری تەواویان بەسەر خاكەكانیاندا.