باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە تەلئەبیب-ی پایتەختی ئیسڕائیل ئاشكرای دەكات، كە 16 هاووڵاتی وڵاتەكەی لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوان بزووتنەوەی حەمماس و ئیسڕائیلدا كوژراون.
باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە ئیسڕائیل لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 16 هاووڵاتی ڕوسی كوژراون و جگە لەوانیش 8ی دیكە تائێستا بێسەروشوێنن، هاووڵاتییەكی ڕوسیش لەلایەن چەكدارانی حەمماسەوە بەدیل گیراوە.
شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەمماسی فەلەستینی و ئیسڕائیل هەفتەیەكی تێپەڕاند و بەپێی ئامارە فەرمییەكان تا ئێستا زیاتر لە 3500 كەس لە هەردوولا كوژراون و نزیكەی 12 هەزار كەسیش بریندارن و هاوكات بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵكی غەززەوە هۆشداری ڕوودانی كارەساتی مرۆیی دەدرێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل، زیاتر لە هەزار و 300 كەس كوژراون، كە 258یان سەربازن، هاوكات 3 هەزار و 200 كەسیش بریندار بوون و 150 كەسیش بەدیل لەلای حەماس گیراون.
هاوكات بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، لە شەڕی یەك هەفتەیی نێوان حەماس و ئیسڕائیل تائێستا 2 هەزار و 215 كەس كوژراون، كە 724 كەسیان منداڵن و هەروەها 8 هەزار و 714 كەسیش برینداربوون.