ئەمەڕۆ شەممە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاد، ماوەیەکە چەندین هەژمار، پەیج و گروپ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیا کەوتونەتە بێرێزیکردن و سوکایەتی و هەڕەشە لەچەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کە دەستیان بە دەوامکردن کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی پەروەردە بەفەرمی دەزگای ئاسایشی کوردستانی لەو هەڕەشە و تەشهیرکردن و بێڕێزیکردنە ئاگادارکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە سکاڵای یاساییان هەیە وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە چونکە قبوڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سوکایەتیان پێبکرێت.
باسی لەوەکردووە، پاش ئەوەشی دەرکەوت هەر یەک لەوانە و ئەدمینی ئەو گروپانە پلەی مامۆستایەتیان هەبووە ئەوا ئەو پلەیان بە بریارێکی فەرمی لێوەردەگرینەوە. ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانەش دڵنیادەکەینەوە وەزارەتی پەروەردە دەستخۆشی خەمخۆریتان لێدەکات و پاڵپشتی تەواوتان دەکات و هێرشکاران ڕووبەرووی دادگاکان دەکرێنەوە وەک چۆن لە ئەزموونەکانی پۆلی ١٢ ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێزان لە ئاسایش و پۆلیس بەرهەمی هەبوو.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوەکردووەتەوە، هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی درێژە بەکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دەدات توشی هەڕەشە و بێرێزیکردن دەبێت لە سۆشیال میدیا دەتوانێت سکاڵا و دۆکیومێنتەکان بنیرێت بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی وەزارەت دواتر ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
هاوکات، وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی وتەبێژەکەیەوە ئەو ژمارانەی بڵاوکردووەتەوە کە مامۆستایان دەتوانن پەیوەندی پێوەبکەن ئەگەر هەڕەشەیان لێکرا
٠٧٥٠٥١٠٣٢٣٢
٠٧٥٠٥١٠٦٢٦٢