لە شاری سلێمانی، مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد بەتۆمەتی فێڵكردن و قۆڵبڕینی هاووڵاتییان و خاوەن ماركێتەكان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای تۆماركردنی سكاڵای چەند هاووڵاتییەك لەسەر تۆمەتبارێك كە دەچێتە دووكان و ماركێتەكان و بەفێڵ و لەژێر بیانوی جۆراوجۆردا پارەیان لێوەردەگرێت و بۆیان ناگەڕێنێتەوە، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد.
باس لە ئەوەش كراوە، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستگیربكرێت، تۆمەتبار (ب، ع، م) لەدایكبووی 1988 لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیەو لەچەند بنكەیەكی تری پۆلیس سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركراوە بەتۆمەتی فێڵكردن و قۆڵبڕینی هاووڵاتییان.